لیژنەی باڵای ئاوی عێراق بەسەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران، كۆبووەوە و لە میانیدا، داوای لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كرد كە گرتنەبەری ڕێكارەكانی تایبەت بە چارەسەركردنی كێشەكانی ئاو و لافاو لە هەرێم پەسەند بكات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكایەتی چوارەمین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئاوی كردووە.
ڕاشیگەیاندووە كە لە كۆبوونەوەكەدا، بارودۆخی ئاو و سەرچاوە ئاوییەكان كراوە، هەروەها پێداچوونەوە بە جێبەجێكردنی پلانی كشتوكاڵی كراوە، ئەوەیش بە پێی ئەو پشكانەی ئاو كە بۆ پارێزگاكان پەسەند كراون.
باسی لەوەیسش كردووە، هەروەها لە میانی كۆبوونەوەكەدا، داوا كراوە، زێدەڕۆییەكان لەسەر ڕووباری دیجلە لە پارێزگای بەغدا لاببرێن و لەوبارەیەوە سەرۆك وەیزان فەرمانی كردووە بە گواستنەوەیەكی دارایی بۆ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان، بە مەبەستی پاككردنەوەی كەناراوەكانی ڕووباری دیجلە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو كە لە كۆبوونەوەكەدا، پەرەپێدان بە بەرنامەی ژینگە و ئاو لە نێو بەرنامەكانی لیژنەی باڵای ئاودا لەگەڵ دامەزراندنی سندوقێك بۆ پاڵپشتیكردن لە توێژینەوە و دەستپێشخەرییەكان بۆ پەرەپێدان بە سەرچاوە ئاوییە ناوخۆییەكان، ڕاسپاردەكانی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمی ئاو و كاریگەرییەكانی لەسەر ڕووبارەكانی دیجلە، فورات و شەتتولعەرەب پەسەند كراون.
بەپێی ڕاگەیاندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، ژمارەیەك دۆسیەی تایبەت بە كێشەی ئاو تاوتوێ كراون كە گرنگترینیان ئەوەیە، وەزارەتی دەرەوە داوایەك پیشكەش بە لایەنی توركیا بكات بۆ زیادكردنی ڕێژەی ئاوی ڕووباری فورات لەسەر سنووری توركیا و سووریا، هەروەها زیادكردنی ڕێژەی ئاوی ڕووباری دیجلە لە بەنداوی ئەلیسۆ.