نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕی 100 هەزار دینار بۆ موچەی هەر خانەنشینێك زیاد دەكرێت،كە موچە بنەڕەتییەكەی لە ملیۆنێك دینار كەمتر بێت.
لە مانگی رابردو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتمانی و بەرێوەبەری گشتی سندوقی فەرمانبەرانی دەوڵەت و شاندەكەی كۆبونەوەو گفتوگۆیان لە بارەی رێكارەكانی پەیوەست بە هەمواری موچەی خانەنشینان كرد.
لە دوای كۆبونەوەكە ئەحمەد مەزهەر جێگری یەكەمی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە لە ماوەی داهاتو موچەی خانەنشینان بە رێژەی 100 هەزار دینار زیاد بكرێت، ئەو پرۆسەیەش لەلایەن لیژنەیەكی حكومی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران رێكدەخرێت.
بەپێی ئاماری دەستەی خانەنشێنانی گشتی سەر بە وەزارەتی دارایی، ژمارەی تەواویی خانەنشینان لە عێراق سێ ملیۆن و 600 هەزار كەسە، لە یاسای بودجەی ساڵی 2023ش لە بڕگەیەكدا كەمترین موچەی خانەنشینی بە 500 هەزار دینار جێگیركراوە.
لە هەرێمی كوردستان كەمترین موچەی خانەنشینی 200 هەزار دینارە، لە كاتێكدا لە عێراق كەمترین موچەی خانەنشینی 500 هەزار دینارە، بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش هەرێم ناگرێتەوە، چونكە كارگێری هەرێم كار بە یاسای خانەنشینی یەكگرتو ناكات.