دوای دۆرانی لە دێربی میلانۆ، یانەی میلان دووەمین تاقیكردنەوەی زەحمەت لەم وەرزە لە سان سیرۆ ئەنجام دەدات كاتێك لەدێربی ئیتاڵیا میوانداری یۆڤینتۆس دەكات.
میلان لەم وەرزە ئاستێكی بەرزی پێشكەش كردووەو خاوەنی 21 خاڵەو پلەی دووەمی ریزبەندی گرتوەو میلان حەفت بردنەوەی لەم وەرزە هەیەو دەیەوێت بە بردنەوەی ئەم یارییەش بگەرێتەوە پێشەنگی یانەكان.
میلان لە پێگەی فەرمی خۆی ڕایگەیاند، ماركۆ سپۆرتیلۆی، گۆڵپارێزی دووەم، تووشی پێكان بووە و بەشداری یارییەكەی لەگەڵ یۆڤانتۆس ناكات.
میلان دووپاتی كردەوە كە سپۆرتیلۆ بۆ ماوەی لانیكەم 10 ڕۆژ ئامادەنەبێت، بەمەش بەشداری لە یارییەكەی پاریس سانجێرمانیش لە یانەپاڵەوانەكانی ئەوروپا ناكات.
ڕۆسۆنێری لە تواناكانی گۆڵپارێزی یەكەم مایك ماینان بێ بەش دەبێت بەهۆی سڕكردنەوە، دوای ئەوەی لە یارییەكەی بەرامبەر جەنەوا كارتی سووری وەرگرت.
بەمەش دەبێت ستیفانۆ پیۆلی ڕاهێنەری میلان بەشداری بە گۆڵپارێزی سێیەم میرانتی بكات.
دوایین جار میرانتێ لە خولی ئیتاڵیا 90 خولەك یاری كرد لە مانگی نیسانی ساڵی 2021 بوو، كاتێك لە یانەی ڕۆما یاری دەكرد لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 3-1 بە تۆرینۆ دۆڕا.
هەر لە میلان ئیسماعیل بن ناصری مەغریبی گەراوەتەوە مەشق و راهێنانەكان بەڵام پێناچێت بەشداری لەم یارییەدا بكات.
هەرچی یانەی یۆڤینتۆسە كە ئەم وەرزە هیچ بەشدارییەكی ئەوروپی نیە، ئەم یانەیە خاوەنی 17 خاڵەو پلەی چوارەمی ریزبەندی گرتوە،یۆڤینتۆس لەكاتی بردنەوەی ئەم یارییە دەگەرێتەوە پلەی سێیەمی ریزبەندی و بەردەوام دەبێت لەركابەریكردن لەسەر بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزە.
دوای سڕكردنی فیگۆلی بەهۆی گرەو كردن لەسەر ئەنجامی یارییەكان، لە ئێستادا یۆڤینتۆس زیاتر هەست بە سەقامگیری دەكات و بروای وایە ئەم كێشەیە لە یانەی داخراوەو پێویست ناكات زیاتر قسەی لەسەر بكرێت.
هەریەك لە دۆسان فلاهۆفیچ و كییزا بەشدارییان لە مەشقەكانی ئامادەكاری تیپەكە كردووەو پێشبینی دەكرێت بەشداری لەم یارییەدا بكەن گەرانەوەی ئەم دوو یاریزانەش هێزێكی زیاتر بە تیپەكە دەدات و وای لێ دەكات هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێكی باش بدات.