پیشەی بەرگدووریی یەکێکە لە پیشە کۆنەکان کە تا ئێستاش بەردەوامە و پەرەی پێدراوە، پیشەگەران ھەوڵیانداوە ئەزموونەکەیان ڕادەستی نەوەی دوای خۆیان بکەن بۆ ئەوەی لە فەوتان بیپارێزن.
وەستا خەلیل سەعید خەیات نزیکەی شەست ساڵە پیشەی بەرگدووریی دەکات و زیاتر سەرنجی خستووەتە سەر چنینی کڵاو و، چەندین جۆری جیاوازی کڵاوی چنیووە و ھەر یەکێکیان گوزارشت لە مێژوویەک و سەردەمێک دەکەن و، وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات زۆر جار کڵاوەکان بە دیاری دەداتە دۆست و میوانەکانی بۆ ئەوەی کولتوورەکە بە زیندوویی بمێنێتەوە.
وەستا خەلیل سەعید لەتەمەنی حەفتاکانیدا و ماوەی شەست ساڵە پیشەی بەرگدووریی دەکات، ئەو تا ئێستاش لە دوکانێکی گەورەی نێو بازاڕی هەولێردا، ڕۆژانە خەریکی پیشەکەیەتی و هەندێکجاریش وەکو حەز و خولیای خۆی جۆرەکانی کڵاو دەدوورێت و هەر جۆرێکیش دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکی دیاریکراو لە عێراقدا.
ئەو جۆرە کڵاوانەی کە وەستا خەلیل خەیات دووریوویەتی بریتیین لە جۆرەکانی، تەڕبووش، سیدار، کڵاوی سەردەمی کۆماریی و کڵاوی تایبەت بە دەرچووانی زانکۆ و چەندین جۆری دیکەی کڵاو کە هەندێکیان تا ئێستاش لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەکاردێت.
کۆنترین مێژووی کڵاو لە عێراق جۆری "تەڕبووش"ە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەرێتەوە و ئەوکاتە فەرمانبەران و پیاوانی دەوڵەت ئەم جۆرە کڵاوەیان لەسەردەنا و دوو جۆر ڕەنگی هەبوو کە بریتیی بوون لە سوور و رەش، دوای ئەوەش جۆرێکی دیکەی کڵاو لە عێراق هەبووە کە پێی دەڵێن "سیدار" و، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٥ کاتێک پادشای عێراق مەلیک فەیسەڵی یەکەم سەردانی ئەوروپا دەکات و فەرمانبەرانی دەوڵەت دەبینێت کە ئەم جۆرە کڵاوەیان لەسەر بووە، بۆیە دوای گەڕانەوەی بۆ عێڕاق فەرمانێک دەردەکات کە پێویستە سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت ئەم جۆرە کڵاو لەسەر بنێن و کڵاوەکە تا ئێستاش هەندێکجار لە بۆنە تایبەتەکان لەسەری هاووڵاتییان دەبینرێت.
جۆرێکی دیکەی کڵاو تایبەتە بە سەردەمی کۆماریی، ئەم کڵاوە رەنگی سەربازییە و هەموو فەرمانبەرێکی سەربازیی دەوڵەت لەسەری کردووە، تەنیا هێماکان بە پێی پیشەی کەسەکە گۆڕدراوە و، لە نێو دوکانەکەی وەستا خەلیل چەندین هێمای جیاوازی سەردەمی کۆمار دەبینرێت کە بریتییە لە هێمای پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە، پەڕەشووتوان، فڕۆکەوان، پۆلیسی هاتوچۆ و چەندین جۆری دیکە.