سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕەزامەندی نیشاندا، لەوەی پارچە زەوی بەسەر کارمەندانی ئەمنی و ئەندامانی حەشدی شەعبی-دا دابەش بکرێت.
لە نووسراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە تیایدا ھاتووە: "سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕەزامەندی نیشانداوە، لەوەی ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر، بەمەبەستی دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی بەرگریی، ھەروەھا ئەندامانی دەستەی حەشدی شەعبی".
بەپێی نووسراوەکە، محەمەد شیاع سوودانی دوای لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگریی و دەستەی حەشدی شەعبی کردووە کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی پێویست لەوبارەیەوە بگرنەبەر.
لە نووسراوەکەدا ، ئاماژە بەوەیشدراوە: "سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک پێزانینێک لە ھەمبەر ھەوڵەکانیان بۆ بەرگرییکردن لە نیشتمان، ڕەزامەندی داوە، پارچە زەوی بەسەر کارمەندانی ئەمنی و ئەندامانی حەشدی شەعبی-دا دابەش بکرێت".