كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق داوای بودجە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەكات
بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویكردۆتەوە، محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە شاندێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كردوەو، لە دیدارێكدا باسیان لە چونییەتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم كردوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، كە لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیان كردووە سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و، پەرلەمانی هەرێم و، سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقیش بڕی پارە و بودجەی پێویستیشی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی شوباتی داهاتوو بۆ سەرۆك وەزیران روونكردوەتەوە و داوایكردووە بودجەیان بۆ تەرخانبكرێت.
پاش ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی بە نایاسایی لە قەڵەمدا،پەلەمانی هەرێم هەڵوەشێنرایەوەو، بڕیاریشە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە 24ی شوباتی ساڵی داهاتوودا بەڕێوە بچێت.