دەستەی وانەبێژانی ناڕازی ڕایدەگەیەنن، وەزارەتی پەروەردە لەبری فشارکردن لەئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوەی هەرچی زووە کتابی دامەزراندن بخاتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیار لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بدات ، بەڵام بەداخەوە دەیەوێت لەڕێگای پەروەردەکانەوە فشار بکات بۆ کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن و شکاندنی بایکۆت
ئەمڕۆ سێ شەممە دەستەی وانەبێژانی ناڕازی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویان كردەوە: ئێمەی مامۆستایانی وانەبێژ لەهەرێم چاوەڕێ بووین دوای 17 ڕۆژ لەبایکۆت و خۆپیشاندانەکان هەر لەسەرەتای دەوامی فەرمی لە١٣ی٩ لەسنوری پەروەردەکانی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و کۆیە ، کە زیاتر لە { ١٣ } پەروەردە لەبایکۆت و خۆپیشاندانی کردووە نەک هەندێک ناوچە ، هەروەها دەرگای سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن داخراوە و هەزاران مامۆستا بایکۆتی کردووە و هەزاران قوتابی بێبەشکراون لەپڕۆسەی خوێندن ، چاوەڕێ بووین حکومەتی هەرێم بەفەڕمی وەڵامی داواکاری مامۆستایانی وانەبێژ و کۆنووسی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و پەروەردە بداتەوە ، بەڵام بەداخەوە لەبری ئەمە وەزارەتی پەروەردە سوپاسی مامۆستایان دەکات و سوپاسیش گیرفانی بەتاڵی وانەبێژانی گەرم نەکردۆتەوە لەئێستا و ڕابردوودا . ئەمە لەکاتێکدایە وانەبێژان هێشتا شایستەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتووە کەبڕەکەی ١٠٠ هەزار بۆ ٢٠٠ هەزارە دوای سێ مانگ لەچاوەڕوانی !
ئاماژە بەوەشدەكەن: وەزارەتی پەروەردە لەبری فشارکردن لەئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوەی هەرچی زووە کتابی دامەزراندن بخاتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیار لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بدات ، بەڵام بەداخەوە دەیەوێت لەڕێگای پەروەردەکانەوە فشار بکات بۆ کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن و شکاندنی بایکۆت ، هەروەها هەموو ڕێگایەکی فشار و هەڕەشە بەکاردێنن بۆ ئەوەی بایکۆت و خۆپیشاندان نەکرێت لەسنوری پەروەردەکانی هەولێر و دهۆک !
ئەوەشی خستەڕوو: ئەم ڕاگەیاندنەی وەزارەتی پەروەردە وامان لێدەکان گەرمتر و سوورتر بین لەسەر داواکاریەکانمان و درێژەدان بە بایکۆت و خۆپیشاندانەکان ، بۆ ئەم مەبەستەش سبەی چوارشەممە ٤ی١٠ خۆپیشادانی مامۆستایانی وانەبێژە لەسەرجەم پەروەردەکان بۆ نوێکردنەوەی بایکۆت و وەڵامدانەوەی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پەروەردە .