بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، تا ئێستا ١١٩ کەس لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ھۆڵێکی ئاھەنگگیرانی بووک گواستنەوە لە قەزای حەمدانییە گیانیان لەدەستداوە، ھەروەھا ٢٠ برینداری ڕووداوەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی دەرەوە کراون.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی پارێزگای نەینەوا لە ڕاگەیاندراوێکدا، دوایین ئاماری لەبارەی ژمارەی قوربانیانی ڕووداوەکەی قەزای حەمدانییە بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە ئێستادا، ٢٠ لە بریندارانی ڕووداوەکە بەھۆی سەختی برینەکانیانەوە و وەرگرتنی چارەسەر، ڕەوانەی دەرەوە کراون، ھەروەھا ٢٠ برینداری دیکەیش لەئێستادا لە نەخۆشخانەکانی مووسڵ، ھەولێر و دھۆک چارەسەر وەردەگرن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە تا ئێستا ١١٩ کەس لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییە گیانیان لەدەستداوە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە: "سامپڵی خوێنی کەسوکاری ئەو قوربانیانەی وەرگیراوە، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەوان، بتوانین ناسنامەی قوربانیان ئاشکرا بکەین، چونکە تا ئێستا ژمارەیەک تەرمی ئەو کەسانەی کە لە ڕووداوەکەدا، گیانیان لەدەستداوە، ناناسرێنەوە".
درەنگانی شەوی سێشەممە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە ھۆڵێکی ئاھەنگگێڕانی بووک گواستنەوەدا لە قەزای حەمدانییە سەربە پارێزگای نەینەوا، ئاگر کەوتەوە کە بەھۆیەوە بەسەدان کەس بوونە قوربانی.
ڕووداوەکە لەسەر ئاستی عێراق و جیھانیش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و کەسوکاری قوربانییەکانیش داوا دەکەن ھەرکەسێک لە ڕووداوەکەدا، کەمتەرخەمبووە، بدرێت بە دادگا.
ڕۆژی ١ی ئەم مانگە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییە، لیوا سەعد فالح ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لە ڕووداوەکە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا، دەرکەوتووە کە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە ھۆڵێکی ئاھەنگگێڕانی بووک گواستنەوە لە قەزای حەمدانییە، بەھۆی یاریە ئاگرینەکانەوە بووە.
لیوا سەعد فالح ڕاشیگەیاندبوو کە بەھۆی ڕووداوەکەوە، ١٠٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٨٢ی دیکەیش برینداربوون، ھەروەھا ١٠ کەس لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرکراون.