بە مەبەستی توندوتۆڵکردنی سنوورەکانی نێوانییان، شاندێکی پاسەوانی سنووری ئێران سەردانی ھەرێمییان کرد و بڕیارە لەگەڵ پاسەوانی سنووری عێراق کۆببنەوە.
گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور، عەقید کاروان خۆشناو بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەمڕۆ شاندێکی پاسەوانی سنووری ئێران بە سەرۆکایەتی فەرماندەی پاسەوانی سنووری ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێران، عەمید محەمەد ئەحمەدی سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و لەلایەن فەرماندەی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنووری عێڕاق لیوا فەرزندە زێباری پێشوازیان لێکرا و بڕیارە کەمێکی دیکە کۆببنەوە.
عەقید کاروان خۆشناو ئاماژەی بەوەشکرد کە مەبەست لە ھاتنی شاندەکەی ئێران تاتوێکردنە لەبارەی پاراستنی سنووری ھەردوو وڵات و رێگریکردن لە دیاردەی قاچاغ و دزەکردنی نایاسایی.
لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی، رێککەوتننامەیەکی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران واژوو کرا کە لەلایەن عێراقەوە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق قاسم ئەعرەجی و لەلایەن ئێرانەوە سکرتێری گشتیی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی شەمخانی رێککەوتننامەکەیان واژووکرد کە تایبەت بوو بە چەککردنی لایەنە دژبەرەکانی ئێران و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان.
ئەمە لەکاتێکدایە یەکشەممەی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق قاسم ئەعرەجی و ئەندامیيەتی وەزیری ناوخۆی ھەرێم، ڕێبەر ئەحمەد بەرەو ئێران بەڕێ کەوتن.