وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) ڕایگەیاندووە، نزیكەی 100 رێكاریان گرتووەتە بەر بە ئامانجی دابەزاندن و كەمكردنەوەی حاڵەتەكانی خۆكوشتن لەناو سوپای ئەمریكادا، بەتایبەت لە بواری چاككردنی ئەمنییەتی چەكەكان.
ئەو 100 رێكارە لەلایەن وەزیری بەرگریی ئەمریكاوە بە رێنمایی و تێبینی دراوەتە لیژنەیەكی تایبەت كە بەدواداچوون و وردبینیان بۆ 11 بنكەی سەربازی كردووە و لەگەڵ زیاتر لە 2700 فەرمانبەری سەربازی و مەدەنی كردووە و لە هۆكار و ڕێگاكانی خۆكوشتنیان كۆڵیوەتەوە.
رێنماییەكان لە چوارچێوەی باشكردنی ژیانی سەربازان، خزمەتگوزارییە تەندروستییە دەرونییەكان، چارەسەركردنی گرفتە ئابڕووبەرەكان و پێداچوونەوە بەراهێنانەكانی خۆپارێزی لە خۆكوشتن و سەلامەتی لە بەكارهێنانی چەكدا.
گرتنەبەری ئەم رێكارانە لەكاتێكدایە بەپێی ئەو ئامارانەی كە پنتاگۆن دانی پێدا ناوە و بڵاوی كردووەنەتەوە، تەنیا لە ساڵی 2021 ـدا زیاتر لە 500 سەربازو ئەفسەری سوپای ئەمریكا و 200 كەس لە كەسوكاریان بە چەك خۆیان كوشتووە.