یەكێتی ئەوروپا گەشبینە بە چاكسازی لە پرسی كۆچبەران، ئەویش دوای ئەوەی ئەڵمانیا پشتیوانی خۆی بۆ كۆچبەران دوپاتكردەوە.
یڵڤا جۆهانسۆن، كۆمیساری كاروباری ناوخۆی یەكێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، هیچ "كۆسپێكی گەورە" لەسەر ئەو پرسە نییە، و ڕێككەوتنێكی فەرمی لەماوەی چەند ڕۆژێكدا دەكرێت.
هاوكات یەكێتیی ئەوروپا هەوڵ دەدات كاروباری داواكارییەكانی مافی پەنابەری خێراتر بكات، بۆ ئەوەی ئەو كۆچبەرانەی كە بە قبوڵنەكراو دادەنرێن بتوانن بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، هەروەها زۆرترین ماوەی ڕاگرتنی كۆچبەران لە ناوەندە سنورییەكان درێژ دەكرێتەوە، كە لە ئێستادا لە 12هەفتەدا وەستاوە.
ئەمەش ڕۆژێك دوای ئەوە دێت، كۆمیساریی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە دوو هەزار و 500 كۆچبەر لە كاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست بۆ ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بون.