"لە پەراوێزی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا سەبارەت بە ئەنجومەنی پارێزگاکان"
ئێمە دەمێکە هاوار دەکەین ئەم دەسەڵاتە هیچ ئەرزشێکی نەهێشتووەتەوە بۆ یاسا و دامودەزگا شەرعیەکان و هەتا دادگاکانیش بەشێکیان بەدەستوەردانی حیزب و بەشێکیشیان بەجێبەجێنەکردنی بڕیارەکانیان لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە بێ ڕۆڵ و بێ کاریگەر ماونەتەوە ...
دوای تەواو بوونی خولی ئاسایی ئەنجومەنەکان چەندین جار بە یاداشت و بەنووسراو و لەڕێگەی ڕاگەیاندنیشەوە داوامان کردووە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت ، بەڵام بەو پێیەی حکومەت خۆی هەر قەڵس بوو بە چاودێریکردنی ئەنجومەنەکان بەتایبەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە زۆرجار هەڵوێستمان هەبووە لە بەرامبەر ستەم و ناعەدالەتیەکانی دەسەڵات ،لەلایەکی ترەوە ململانێی ناتەندروستی لایەنەکانی دەسەڵات ،ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بوو بە نەریتێکی خراپی چەندبارەبووەوە ، تا لەناچاریدا لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە شەرعیەتی یاسایی درایەوە بە بەردەوامی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان لەساڵی ٢٠١٩ تا ئەو کاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت .
دەسەڵاتی هەرێم بەو ئەزمونە نەخوازراوەی لە پێشێلی پرەنسیپە ئیداریەکان و شکاندنی شکۆی دامودەزگا شەرعیەکانی و کەرامەتی هاوڵاتیان و گوێنەگرتن بۆ دڵسۆزان و خەمخۆرانی ئەم میلەتە ، کەوتووەتە ناو دۆخێکەوە نە پەرلەمانی ماوە کە دەسەڵاتی یاسا دانان و کرۆکی حکومڕانیە ، نە دەستەی نەزاهەو نە کۆمسیۆن .
حکومەتێکی کاربەڕێکەر کە ئەوەی پێی بڵێیت خەسڵەتی حکومڕانی تێیدا نەماوە .
وا ئێستاش دەزگایەکی چاودێری وەک ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی بەکارەکانیان هێنرا ، بە حوکمی ئەوەی یاسای پەرلەمانی کوردستان ژمارە (٢ )ساڵی ٢٠١٩ کە شەرعیەتی بەردەوامی بە کاری ئەنجومەنەکان دابوو ، دادگای فیدراڵی بە نادەستوری دانا .
لە ئێستا بەدواوە ئیتر هیچ دەزگایەکی شەرعی نەماوە لە هەرێمی کوردستان کە چاودێری حکومەت بکات !!
هەرچەند لە ئێستادا لە سایەی دەسەڵاتدارانی بێ باک ،حکومەتێکی بێکارە و چاوەڕێی مەڕحەمەتی بەغدایە موچەی فەرمانبەرەکانی بۆ بنێرێت و ئەمانیش وەک بەڕێوەبەرێکی بانکی دابەشی بکەن !!
دادگای فیدڕاڵی کاری ئاسایی خۆی ئەنجام داوە و ئەوە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەم هەرێمەن دۆخێکیان خولقاندووە، بێمنەتانە پێشێلی یاسا و دەستور دەکەن و بڕیار و ڕێنمایی جێگای یاسای گرتوەتەوە ، دەمارگیری حیزبی و نەزانییان وای کردووە چارەنووسی قەوارەکەش لە بەردەم مەترسییەکی جدی و گەورەدابێت .
سوپاسی خوا دەکەین،لەماوەی ڕابردوودا ئەوەی پێمان کرابێت لە چوارچێوەی دەسەڵاتی یاساییماندا و لەو دۆخە فەوزاو نالەبارەی ئەم دەسەڵاتە خولقاندوویەتی درێغیمان نەکردووە لە خزمەتکردن بە هاوڵاتیان و ڕێگری کردن لە گەندەڵی و هەماهەنگی لەگەڵ داواکاری گشتی و ڕێکخراوەکان و کەسانی دڵسۆز ، ئەوەش بە ئەرکی ئاینی و نیشتیمانی و مرۆییانەی خۆمانمان زانیوە و لەم خەباتەش پشتیوان بە خوای گەورە بەردەوام دەبین لە هەر ناوەندێک و جێگایەکدا بین ،بەو مەبدەئەی کە باوەڕمان پێیەتی کە وەزیفەی پێغەمبەران (درودی خوایان لەسەر بێت ) بەرەنگاربوونەوەی ستەم و کارکردن بووە بۆ بەرقەرابوونی عەدالەت و دادپەروەری :
لَقَدْ أَرْسَلْنَا رُسُلَنَا بِالْبَيِّنَاتِ وَأَنزَلْنَا مَعَهُمُ الْكِتَابَ وَالْمِيزَانَ لِيَقُومَ النَّاسُ بِالْقِسْطِ ۖ
سوپاسی خوای گەورە ئەکەین کە هەر کارێکی خێر و چاکەمان ئەنجام دابێت لە فەزڵی خواوە بووە و داوای لێخۆشبوونی لێ دەکەین لە هەر هەڵە و کەمتەرخەمیەک لەماوەی کارکردنماندا ...
سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەش دەکەین متمانەیان پێکردین ،دڵنیابن خیانەتمان لە دەنگەکانیان نەکرد ،هەرچەند بەداخەوە بەهۆی نەبوونی سەروەری یاسا و قەیرانی دروستکراوی یەک لەدوای یەک و نەبوونی کاری دامودەزگایی و حکومڕانیەکی تەندروست نەمانتوانی وەک ئەوەی شایانیانە لە خزمەتیاندا بین ، بەڵام ئەوەی پێمان کرابێت درێغیمان نەکردووە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی.