ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری پێشوی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە نوسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵاەیتی فەیسبووك بە توندی وڵامی دەزگای رۆشنبیری و گۆڤاری گوڵانی پارتی دەداتەوە، هەڵەندنی لە نوسینەكەیدا دەڵێت:
دیارە سی و دوو ساڵە گومرگی ئیبراهیم خەلیل بەدەست ئیسلامی سیاسیەوەیە!
ئەوەی سەنگەری لەكەپكی حەمەد ئاغا وكەپكی شیلانە لێدابوو ئیسلامی سیاسی بوو!
ئەوەی ڕۆژێك پێش پاسدارو ڕۆژێك چاوساغی فڕۆكەی تۆرانیەكان ودەمێكی دی سوری بەر لەشكری دەبابەی بەعسیان بوو دیارە هەر ئیسلامی سیاسی بوو!
ئەوەی لەهەولێری پایتەخت سەردەشت عوسمان ولەگەرمیان كاوەی لەباوەشی دایكی دەرهێنا ولەكەركوك سۆران و قەڵەمەكەی كوشت هەر بەڵتەجیەكانی ئیسلامی سیاسی بوون!
ئەوەی دەرگای هەرێمی خستۆتە سەر پشت بۆ بەعسیە عەفلەقیەكان كە بێپەردە بەرگری لەسەدامی گۆڕ بەگۆڕ دەكات هەر ئیسلامی سیاسین!
چوارسەد داواكراوی دادگای باڵای تاوانەكان لەهەشت قۆناغە شومەكەی ئەنفال فەرماندەی فەوجی سوك ومەفرەزە خاسە،كەئێستا یان كراون بەشەهید یان موچەی خانەنشینی پێشمەرگەیان بۆكراوە هەمویان ئیسلامی سیاسی داڵدەی دان وپشتگیری كردن!
شێروان شێروانی وهاوەڵەكانی لەسەر داوای ڕاپۆرت نوسەكانی ئیسلامی سیاسی لەزیندان توند كراون!
هەزاران گەنج ولاوی كورد سەری خۆیان هەڵدەگرن وسەدانی تر دەبنە خۆراكی حوتی دەریان لەبێزاری كۆشك وتەلارو ئۆتۆمبیلی گرانبەهاو شەوانی ڕابواردنی سەركردەو نەوەكانی ئیسلامی سیاسیە!
ئەوانەی بەلێشاو لەشفرۆش و مادەی هۆشبەر وخۆراك ودەرمانی بەسەرچوو دێننە ناو هەرێم بازرگانە چاوچنۆكەكانی ئیسلامی سیاسین!
جا چی بژمێرم لەجینایەت وتاوانی شەست ساڵی شاخ وشارتان ئێستاش هاتون بەشینە درۆیەك دەستە چەورەكە بەئیسلامی سیاسی دەسڕن.