لە هیندستان دابەزینی خواست لەسەر نەوت بەهۆی بارانی وەرزییەوە، لە مانگی ئابدا هاوردەی نەوتی ڕووسیای بۆ نزمترین ئاستی حەوت مانگی ساڵ دابەزاندووە.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای ڤۆرتێکسا بۆ بەدواداچوونی داتا لە کاتی ڕاستەقینەدا، کەمبوونەوەی چالاکی و جووڵەی پیشەسازی بەهۆی بارانی وەرزییەوە، بووەتە هۆی ئەوەی هیندستان لە مانگی ئابدا هاوردەی نەوتی خاو بەڕێژەی سەدا پێنج کەم بکات و هاوردەی ڕۆژانەی بگاتە ٤،٣٥ ملیۆن بەرمیل. ئەمە لە کاتێکدایە کە هیندستان لە مانگی تەمووزدا ڕۆژانە ٤،٥٧ ملیۆن بەرمیل نەوتی هاوردە دەکرد.
هیندستان کە سێیەم گەورەترین بەکاربەری نەوتە لە جیهاندا، لە مانگی ئابدا ڕۆژانە ١،٤٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕووسیاوە دەست خستووە. داتای مانگی ڕابردووی لە هاوردەدا کە ٤٥٠ هەزار بەرمیل بوو، لە هەمان کاتدا نزمترین ئاستی هاوردەی نەوت بوو لە ڕووسیاوە لە ماوەی حەوتی ڕابردوودا.
یەکێکی دیکە لەو وڵاتانەی کە دەستەبەرکارێکی گەورەی نەوتە بۆ پاڵاوگەکانی هیند عێراقە کە لە مانگی ئابدا هەناردەی نەوت لێیەوە لە ٨٩١ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە دابەزیوە بۆ ٨٦٦ هەزار بەرمیل.
هاوکات دابینکردنی نەوتی سعوودیە بۆ هیندستان لە مانگی تەمووزدا بە بەراورد بە مانگی تەمووز ڕۆژانە ٣٣٦ هەزار بەرمیل زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٨٢٠ هەزار بەرمیل.
هیندستان لە مانگی تەمووزدا ڕۆژانە ٢٩٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ئیماراتەوە هاوردە کردووە، لە مانگی ئابیشدا ئەو بڕە دابەزیوە بۆ ٢٧٣ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
هەروەها هیندستان لە مانگی ئابدا بڕی ئەو نەوتەی لە ئەمریکای کڕیوە بە بەراورد بە مانگی تەمووز ڕۆژانە ٥٩ هەزار بەرمیل کەمی کردووە و داکشاوە بۆ ١٦٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
سەرۆکی شیکاری ئاسیا-پاسیفیک لە ڤۆرتێکسا، سێرینا هوانگ، ئاماژەی بەوە کرد کە دابەزینی خواستی هیندستان لەسەر نەوت وەرزیە و، گوتی: ''ڕەنگە نۆژەنکردنەوەی پلانبۆداڕێژراوی هەندێک پاڵاوگەی هیندی کە مانگی ئەیلوول دەست پێ دەکات و هەتا تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، هاوردەی نەوتی خاو سنووردارتر بکات.
بەڵام لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵدا، خواستی ناوخۆ و پەراوێزی هەناردەکردن بە گشتی و پێشبینی دەکرێت هاوردەکردنی نەوتی خاو هاوتەریب زیاد بکات.