تۆڕی میدیایی یەکگرتوو سەبارەت بە ڕفاندنی ڕۆژنامەنوس ئیسلام كەشانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند: بە توندی ئیدانەی ئەم کردارە نا بەرپرسانەیە دەکەین و داواکارین بە زووترین کات ئازاد بکرێت
تۆڕی میدیایی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ڕاگەیەنداوێكدا بڵاوی كردەوە: هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە رۆژنامەنووس و کەسایەتی دیاری زاخۆ (اسلام کەشانی ) ، پێش نیوەڕۆی ئەمرؤ پێنجشەممە کاتژمێر نۆ و چل و پێنج خولەک ، بە مەبستی چوون بۆ کاری میدیایی خۆی لە نوسینگەی کەناڵی ئاسمانی سپێدە و دەزگای خابیر ، لە ماڵ دەرچووە ، پێش ئەوەی بگاتە شوێنی فەرمی کارەکەی ، هێزێکی ئاسایش دەیگرن و دەیڕفێنن .
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم هەنگاوەی ئاسایشی زاخۆ پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەری کوردستان ژمارە ( ٣٥ ) ساڵی ( ٢٠٠٧ ) ، کە لەو یاسایەدا هاتووە : گرتنی رۆژنامەنووسان دەبێ بە بڕیاری دادوەر و بە ئاگاداری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بێت .
ئەوەشی خستەڕوو: جەماوەری کوردستان بە گشتی و خەڵکی شەرەفمەندی زاخۆ ، شاهێدی دەدەن کە ( ئیسلام کەشانی) ، سەرباری ئەوەی رۆژنامەنووسێکی بوێر و کارایە ، هاوکات کەسایەتییەکی دڵسۆز و خێرخوازی ناوچەکەیە . رفاندنی بەم شێوازە ، ئەوەندەی تر ئەزموونی حوکمڕانی هەڕێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە .
لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەەوش هاتووە: تۆڕی میدیایی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، بە توندی ئیدانەی ئەم کردارە نا بەرپرسانەیە دەکات و رایدەگەیەنێت کە سەلامەتی گیانی رۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی لە ئەستۆی دەزگای ئاسایشی و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە و ، داواکارین بە زووترین کات ئازاد بکرێت .
ئازادی بۆ رۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی .
تۆڕی میدیایی یەکگرتوو
٢٤/٨/٢٠٢٣