دیجیتاڵ میدیای سپێده
لە میانی دوو ئۆپەراسیۆنی ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک، سێ حەشارگەی داعش خاپوورکران و دەست بەسەر حەوت گولـلە ھاوەن و سێ مووشەکی کاتیۆشادا گیرا.
فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی لیوای ١٢ سەربە فیرقەی سێی پۆلیسی فیدراڵیی، دوو ئۆپەراسیۆنی پشکنینیان لە گردی مەحکور و گوندی عەبد تەڵەب سەربە قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا، سێ حەشارگەی داعش خاپوورکراون و دەست بەسەر حەوت گولـلە ھاوەنی عەیار ١٢٠ ملیمەتر و سێ مووشەکی کاتیۆشا عەیار ١٠٧ملیمەتردا گیراوە.
باس لەوەشکراوە کە گولـلە و مووشەکەکان لەلایەن تیمی ئەندازیاریی سەربە پۆلیسی فیدراڵیی دوای ھەڵگرتنەوەیان، لەناوبراون".