لایەنی ڕووسی بڵاویکردەوە کە ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کەمە.
کۆبوونەوەی شاندەکانی ئەمریکا و ڕووسیا لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، کۆتاییهات.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی TASS، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، شاندی هەردوو وڵات لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە کۆبوونەوە کە ماوەی چوار کاتژمێر و نیوی خایاند.
شاندی ڕووسیا پێکهاتبوو لە وەزیری دەرەوە، سێرگی لاڤرۆڤ و ڕاوێژکاری کریملین بۆ کاروباری دەرەکی، یوری ئوشاکۆڤ و سەرۆکی سندوقی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی ڕووسیا، کیریل دیمیتریێڤ، شاندی ئەمریکاش پێکهاتبوو لە وەزیری دەرەوە، مارکۆ روبیۆ و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، مایک واڵتز و نوێنەری تایبەت بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ستیڤ ویتکۆڵف.
دوای کۆبوونەوەکە ڕاوێژکاری کریملین بۆ کاروباری دەرەکی ئوشاکۆڤ بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا و، باسی لەوە کرد کە کۆبوونەوەکە کۆتاییهاتووە و، شاندەکانی هەردوو وڵات لە داهاتوودا بەردەوام دەبن لەسەر کۆبوونەوە لەبارەی ئۆکراینا.
ئوشاکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە هەفتەی داهاتوودا کەمە و، رایگەیاند: ''پێویستە کاری نزیک لە نێوان شاندەکانی هەردوو وڵات ئەنجامبدرێت. ئێمە ئامادەی ئەمەین، بەڵام هێشتا قورسە بەروارێک دیاری بکرێت بۆ کۆبوونەوەی سەرکردەکان''.
هەروەها ئوشاکۆڤ باسی لەوە کرد کە ئەو بەرپرسانەی بەشداری لە دانوستانی پرسی ئۆکراینادا دەکەن لەلایەن پوتینەوە دیاری دەکرێن.