وتەبێژی حكومەتی عێراق دەڵێت، گۆڕانكاری لە كاتی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ناكرێت.
باسم عەوادی بە ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی ڕاگەیاندووە: عێراق سوورە لەسەر ئەوەی دەستێوەردان لە كاروباری سووریا نەكات و مامەڵە لەگەل واقعی نوێی ئەو وڵاتەدا بكات. هەروەها دەرفەتەكان بقۆزێتەوە لە بوارەكانی ئابووری وئاسایش و وەبەرهێنان لەگەڵ دیمەشق.
ڕاشیگەیاندووە: ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بەم زووانە سەردانی بەغدا دەكات و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سووریاش بۆ لوتكەی عەرەبی لە بەغدا بانگهێشت كراوە.
وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕاشیگەیاندووە: تا ئێستاش ئەو وادەیەی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان دیاری كراوە بۆ كشانەوەیان لە عێراق و لەلایەن لیژنەی باڵای سەربازییەوە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، نەگۆڕاوە و جێگیرە.
جێی باسە عێراق و ئەمریكا لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە كۆتایی ئەمساڵ كۆتایی پێ بهێندرێت و پەیوەندی نێوان هاوپەیمانان و عێراق بگۆڕدرێت بۆ پشتیوانی هێزە عێراقیەكان و بەردەوامی فشار بۆ سەر داعش.