هـه‌واڵـه‌كـان وتــار بـه‌رنـامـه‌ درامـــا وه‌رزش ته‌كنه‌لۆجیا پـه‌یـوه‌نـدی ده‌ربــاره‌

حەماس جەخت لەسەر جێبەجێ کردنی تەواوی ماددەکانی نێو ڕێککەوتنی ئاگربەست دەكاتەوە

حاماس بڵاویکردەوە کە لەسەر بەڵێنی نێوەندگیران بۆ هەڵگرتنی ئاستەنگەکانی ئیسرائیل لەسەر ڕێککەوتنی ئاگربەست، بەردەوام دەبێت لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە وەک ئەوەی واژوو کراوە، کە ئاڵوگۆڕی دیلەکانیش دەگرێتەوە.

لە ڕاگەیاندراوێکدا حەماس ئاماژەی بەوە کرد میسر و قەتەر کار دەکەن لەسەر نەهێشتنی بۆشاییەکانی ڕێککەوتنەکەی غەززە و، لەو چوارچێوەیەشدا بەردەوام دەبێت لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە و، بەپێی ئەو خشتە کاتەی دیاریکراوە بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکانیش جووڵە دەکات.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە شاندی حەماس بە ڕێبەرایەتی د. خەلیل حەییە، سەرۆکی شاندی دانوستانکار و سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس لە غەززە، لەگەڵ نێوەندگیرەکان کۆبووەتەوە و، هاتووە: "تیشک خراوەتە سەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و بەتایبەتی ئاڵوگۆڕی دیل، ئەویش لە پاش ئەو پێشێلکارییانەی ئیسرائیل یەک لە دوای یەک ئەنجامیدان".

باس لەوە کرا کە شاندەکە لە قاهیرە لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسر، حەسەن ڕەشاد کۆکوونەوەیەکی ئەنجامداوە و، پەیوەندی تەلەفۆنیشی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی ئەنجامداوە. پاشان شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی دۆسیەی دانوستانی میسر و قەتەر کۆبووەتەوە و، کۆبوونەوەی لەگەڵ تیمە تەکنیکییەکانی نێوەندگیران کە چاودێری ئەنجامدانی گشت ئاڕاستەکانی ڕێککەوتنەکە دەکەن کردووە.

لە کۆبوونەوەکاندا حەماس جەختی لەسەر پێویستی جێبەجێ کردنی تەواوی ماددەکانی نێو ڕێککەوتنەکە کردەوە، لەوانە بەتایبەتی دەستەبەرکردنی کەرەستەی مانەوەی هاووڵاتیان و چوونە ناوەوەی کۆنتەینەر، چادر، ئامێری قورسی کارکردن، پێداویستی پزیشکی، گەیاندنی سووتەمەنی بە ناوچەکە بە شێوەیەکی بەپەلە و بێ پچڕان.

هاوکات لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "کۆبوونەوەکان لە کەشوهەوایەکی ئەرێنییدا بەڕێوەچوون و، نێوەندگیران لە نزیکەوە چاودێری بابەتەکە دەکەن بۆ هەڵگرتنی گشت بەربەستەکان و نەهێشتنی بۆشاییەکان".

لە کاتێکدا هێشتا حکوومەتی ئیسرائیل کاردانەوەی بەرامبەر ڕاگەیاندراوەکە نیشان نەداوە، بەڵام ڕۆژنامەی یەدیۆت ئەهرانۆتی ئیسرائیل بە پشت بەستن بە نووسینگەکەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، بنیامین ناتانیاهو بڵاویکردووەتەوە؛ "هێشتا چارەسەرێک بۆ ئەو قەیرانە نەدۆزراوەتەوە کە لەگەڵ حەماس ڕوویداوە و، هەواڵەکان لەو بارەیەوە راست نین".

. بابه‌تی هاوبه‌ش

نرخی دراوه‌كان

100 دۆلار
146,800 دینار
100 یۆرۆ
152,500 دینار
100 پاوه‌ند
188,800 دینار
100 لیره‌
3550 دینار
100 تمه‌ن
9.160.000 دینار