سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بڵاویکردەوە لە پێناو کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا، ئەگەری هەیە لە کاتێکی نزیکدا لە سعوودیە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین کۆببێتەوە.
لە ڕێوڕەسمێکی واژووکردندا کە لە کۆشکی سپی بەڕێوەچوو، سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ سەبارەت بە پرسەکانی رۆژەڤ بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا.
ترەمپ باسی لەوە کرد کە بە جیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا پوتین و سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی ئەنجام داوە و، دیداری گرنگی لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا ئەنجام داوە.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ڕووبەڕوو لەگەڵ هەریەک لە پوتین و زێلێنسکی کۆدەبێتەوە و، ڕایگەیەند: "لە ڕاستییدا چاوەڕوانین ئەو (پوتین) بێت بۆ ئێرە. منیش دچم بۆ ئەوێ، بەڵام ئەگەری هەیە لە سعوودیە کۆببینەوە. یەکەمجار لە سعوودیە کۆدەبینەوە و گفتوگۆ دەکەین لەسەر ئەوەی چی بکەین. دەمانەوێت ئەم جەنگە کۆتایی بێت. یەکەم کۆبوونەوەمان ئەگەری هەیە لە سعوودیە بێت".
"سەرۆک پوتین و سەرۆک زێلێنسکی ئاشتیی دەخوازن. منیش ئاشتیی دەخوازم. دەمەوێت کوشتنی مرۆڤەکان ڕابگرم" ترەمپ وای گوت و ئاماژەی بەوە کرد کە لەو پرسەدا لە پرۆسەیەکی چڕی دیپلۆماسییدا دەبن.