ئیمانوێل ماكرۆن، له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی هه‌واڵی سی ئێن ئێن-ی ئه‌مریكی داوای كرد: "رێز له فه‌له‌ستینییه‌كان و دراوسێ عه‌ره‌به‌كانیان" بگیرێت، بیرۆكه‌ی ناچاركردنی خه‌ڵكی غه‌ززه‌ی ڕه‌تكرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵ زێدی خۆیان جێبێڵن.
له درێژه‌ى قسه‌كانیدا سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا به تره‌مپى وت "نا‌توانیت به دوو ملیۆن فه‌ڵه‌ستینی بڵێیت ، ده‌بێت چۆڵی بكه‌یت"، ده‌شڵێت، "هه‌میشه ناكۆكیم له‌گه‌ڵ بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل هه‌بووه، چونكه پێم وایه ئۆپه‌راسیۆنێكی وه‌ها گه‌وره‌ی سه‌ربازی كه خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ده‌كاته ئامانج، وه‌ڵامێكی دروست نییه".
ماكرۆن تیشكی خسته سه‌ر: "ویستی فه‌له‌ستینییه‌كان بۆ مانه‌وه له زێدی خۆیان، هه‌روه‌ها ئاماده‌نه‌بوونی هه‌ردوو ئوردن و میسر بۆ وه‌رگرتنی ژماره‌یه‌كی زۆر له په‌نابه‌رانی غه‌ززه".
قسه‌كانى ماكڕۆن له‌كاتێكدایه فه‌ڕه‌نسا له سه‌ره‌تای شه‌ڕی غه‌ززه‌دا پشتیوانی ئیسرائیلی ده‌كرد، به‌ڵام دواتر ماكرۆن به ئاشكرا هه‌ڵسوكه‌وتی سوپای ئیسرائیلی له ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانیدا له ناوچه‌ی فه‌له‌ستین و لوبنان سه‌ركۆنه كرد.