ئەمڕۆ یەك شەممە بەرواری 9/2/2025بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندیەكان و گفتوگۆ لەسەر هەندێ پرسی گرنگ و هەنوكەیی بە سەرۆكایەتی مامۆستای سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و مامۆستا عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەسەر ئاستی باڵا كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی لە شاری هەولێر لە مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كۆبوونەوە.
كۆبوونەوەكە چەند پرسێكی گرنگی لەخۆ گرت، سەرەتا پرسی مانگرتنی ژمارەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی بە نوێنەرایەتی چین و توێژەكان بەگرنگیەوە قسەیان لە بارەیەوە كرا، كۆبوونەوەكە پشتیوانی خۆی بۆ داوای رەوای مامۆستایان دووپاتكردەوە و داخوازیەكانیان بە رەواو پێویستزانی، وەبە ئەركی دەسەڵاتیان زانی لەكاتی خۆیدا مافی فەرمانبەران و تەواوی موچەخۆران دابین بكات و پلەیان بەرزبكاتەوە.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا بەگرنگ زاندرا و جەختكرایەوە لەسەر بەردەوامی گفتوگۆكان و راگۆرینەوە و كاری هاوبەش كە داخوازی جەماوەر و زەرورەتی گۆرەپانەكەیە.
لەتەوەرەیەكی تردا هەردوولا خۆشحاڵی خۆیان دەربری سەبارەت بەو سەركەوتنەی دانیشتوانی غەززە و فەلەستین بەدەستیان هێنا لە شەری پانزە مانگەیاندا، و هەردوولا هیوایان خواست كۆتایی نەهامەتیەكانی خەڵكی فەلەستین بێت، هیواشیان خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئیسلامی و گەلانی موسڵمان هاوكاری دانیشتوانی خۆراگری غەززە بكەن و بەشێك بن لە ئاوەدانكردنەوەی، هەرلەم بارەیەوە هەوڵی راگواستنی خەڵكەكەی بۆ شوێنی تر بەنارەواو ستەم و دوور لە یاسا نێودەوڵەتیەكان وەسف كرد.