دەزگای فریاگوزاری و كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەلەستین رایگەیاند، 14 هەزار و 500 منداڵی فەلەستینی لە هێرشەكانی حەمماس و سوپای ئیسرائیلی داگیركەر شەهید بوون، دەشڵێت: 88%ـی قوتابخانەكان لەناوچون و 600 هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەشبون.
ئۆنروا ئاماژەی بەوەشكردوە، لە كەرتی غەززە، دەستڕاگەیشتن بە چالاكییەكانی پشتگیریی فێربون، كات بەسەربردن و تەندروستیی دەرونیی دابیندەكات و لەڕێگەی 86 شوێنی فێربوونی كاتییەوە، زیاتر لە 18 هەزار منداڵ دەخاتەوە بەر خوێندن.
هاوكات، بەهۆی لەشكركێشیی و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیلی داگیركەرەوە بۆسەر كەرتی غەززە، 47 هەزار و 283 كەس شەهید بوون و زیاتر لە 111 هەزاری دیكەش برینداربون، كە بەوتەی وەزارەتی تەندروستیی كەرتی غەززە، زۆرینەی شەهید و بریندارەكان ژن و منداڵن، بەوهۆیەشەوە ژێرخانی پەروەردە، وەكو سەرجەم كەرتەكانی دیكە وێرانبووە.
جولیەت توما، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و زانیاری گشتی UNRWA دەڵێت: ستافەكەمان زۆر بە وردی كاردەكان بۆ دابینكردنی یارمەتییە مرۆییە پێویستەكان بۆ پەنابەرانی فەلەستین، لەگەڵ ئەوەشدا روبەڕوی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە كە دیارترین یاسایەكە كە لەلایەن كنێستەوە دەرچوە سەبارەت بە راگرتنی كارەكانی ئۆنروا لە خاكی فەلەستین.