پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوویەوە و لە كۆبوونەوەكەدا یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی شۆرشی سەردەمی بەعسی پەسەندكرا كە بە یاسای گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵی خەڵك بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان ناسراوە.
بە پەسەندكردنی ئەو یاسایە هەزاران دۆنم زەوی لە سنووری ماددەی 140 لە كەركوك دەگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیانە كە كورد و توركمانن.
هەروەها لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، پەرلەمانی عێراق یاسای لێبوردنی گشتیشی پەسەند كرد كە سوودی بۆ سوننەكانی عێراق هەیە و لەدوای پەسەندكردنی ئەو یاسایە هەزاران خەڵكی سوننە كە لە زیندانەكانن ئازاد دەكرێن، هەر لە چوارچێوەی پەسەندكردنی یاساكاندا یاسای باری كەسیش پەسەندكرا كە لە لایەن شیعەكانەوە پێشكەشكرابوو و داكۆكی لێدەكرا.
دارا سێكانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بۆ سپێدە رایگەیاند، دوای تەواوبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئەو سێ یاسایە پەسەندكرا، بەڵام یاسای بودجە كە تێدا هەمواركردنەوەی پارەی خەرجی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی بۆ دەكرێت دواخرا چونكە حكومەت دەقێكی دیكەی هەمواری یاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمان كردووەو ئەوەش پێویستی بە تاوتوێكردن هەیە.