فراکسیۆنی یەکگرتوو رایدەگەینێت دواکەوتنی مووچە بۆ زیاتر لە ٦٣ رۆژ ، شکستێکی تری دەسەڵاتی حوکمڕانی هەرێمە لە پاڵ شکستەکانی تری .
دهقی راگهیهندراوهكه:
فەرمانبەران کە ژیان و بژێوی ماڵ و منداڵیان بە مووچەوە گرێدراوە ، لە ئێستادا کە مانگی دوانزەیە ؛ هێشتا مووچەی هەردوو مانگی دە و یانزەیان وەرنەگرتووە و کاریگەری تاڵ و قورسی لەسەر گوزەرانیان جێهێشتووە ، هەروەها دابەش نەکردنی مووچە ، بازاڕ و کار و کەسابەتی رۆژانەی ئیفلیج کردووە کە جارێکی تر زیانێکی قورسی بە کاسبکاران گەیاندووە .
دەسەڵات لە بری ئەوەی خەمی ئەو قەیرانە قورسە دروستکراوە بخوات ، راگرتنی مووچەی خستۆتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێڕاقەوە ، بێ ئەوەی باسی راستییەکانی دۆسییەی رادەستکردنی داهاتەکانی ناوخۆ و تانکەرەکانی نەوتی مەرزەکان و کێشەکانی ناو لیستی مووچە بکات ، لە هەمان کاتدا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ، بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی پەرواێز خستووە و لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا ، فەرمانبەرانیان کردۆتە سووتەمەنی کێشە ئیدارییەکانی نێوان خۆیان .
لەو یارییە نابەرپرسانە قێزەونەدا ، تەنیا فەرمانبەران و کاسبکاران باجی قورس دەدەن .
وەک فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ، داکۆکی سەرسەختانە لە مافی هاوڵاتیان دەکەین و هاوڕێ لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا ، لە نزیکەوە بە دواداچوون بۆ ئەم دۆسیە سەرەکییە دەکەین و ،هەموو رێکارە یاسایی و پەرلەمانتارییەکان دەگرینە بەر بۆ سەندنەوەی مافی رەوای فەرمانبەران ، هاوکات داوا لە فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین بەرەیەکی هاوبەش بۆ راستکردنەوەی دابەشکردنی مووچە و گەڕاندنەوەی پاشەکەوت دروست بکەین .
لەم کۆتایی ساڵەدا ، پێویستە حکومەتی هەرێم بە داهاتی ناوخۆ ، پارە نێردراوەکەی بەغدا پڕ کاتەوە و زۆر بە خێرایی مووچەی مانگەکانی دە و یانزە و دوانزە دابەش کات ، نەک وەک ساڵی ٢٠٢٣ مووجەی سێ مانگ بخۆن و ، بیکەنە باو کە هەموو ساڵێک بە پاساوی نادروست و نالۆژیکی ، مووچەی مانگەکانی کۆتایی بێسەروشوێن بکرێت .
وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو، لە ئیستادا دابەشکردنی مووچە بە گرنگتر دەزانین لە سیناریۆ حزبییە لاوازەکانی دواخستنی پێکهێنانی سەرۆکایەتی پەرلەمان ، کە ئەوەش قەیرانی تری ، بۆ قەیرانەکانی هەرێم زیاد کردووە .
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
٢٠٢٤/١٢/٣