كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پەسەند كرد و نووسراوەكە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ دیاری كردنی یەكەم ڕۆژی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕاگەیاند: ئەمڕۆ یەك شەممە، 24-11-2024، ئەنجوومەنی كۆمسیارانی سەر بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پەسەند كرد.
ڕاشیگەیاند، ئەنجوومەنی كۆمسیاران نووسراوی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، بە شێوەیەكی فەرمی ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكات.
قبوڵكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتێدایە، 18ی ئەم مانگە دەستەی دادوەری لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرجەم تانەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی یەكلایی كردەوە، كە ژمارەیان 44 تانە بوو.
ڕۆژی 20ی مانگی ڕابردوو هەڵبژاردنی گشتی بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا و بڕیارە لە كۆتایی ئەم هەفتەیەوە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەستپێبكات.