لەكاتێكدا هێشتا موچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەغداوە نەهاتووە ودابەش نەكراوە، حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم داوای ئامادەكردنی لیستی موچەی مانگی 11 دەكات بۆ ئەوەی بۆ بەغدا بنێردرێت.
خەریكە مانگی 11 تەواو دەبێت، و تائێستا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی 10 وەرنەگرتووە و لەچاوەڕوانی بەغدادان بۆ ناردنی پارە كە ماوەی چەند رۆژی رابردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق بریاڕی داوە بە خەرجكردنی و داواشی لە وەزارەتی دارایی عێراق كردوە بریارەكە جێبەجێ بكرێت بەڵام تا ئێستا پارەكە بۆ هەرێم نە نێردراوە.
لەئێستا دا وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێم سەرجەم وەزارەتەكانی ئاگاداركردووەتەوە بەزووترین كات لیستی مووچەی مانگی 11 یان بۆ بنێرن، بۆ ئەوەی لەنزیكترین كاتدا ئامادە بكرێت و بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت.
پێشتریش محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر چارەسەركردنی كێشەی مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12 دەربڕیوە، بەڵام تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لەئێستا دا لەدەرەوەی وڵاتە گواستنەوەی پارە بۆ هەرێم دوا كەوتووە و چاوەڕێ دەكرێت هەفتەی داهاتوو پارە بۆ هەرێم رەوانە بكرێت.