گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند: "لە پرۆسەی سەرژمێریدا هاووڵاتیان زۆر بە باشی هاوكاری بژمێرەكانیان كردوە، ڕەنگە ئەنجامی بەرایی سەرژمێرییش لەم هەفتەیەدا ئاشكرا بكەین."
عەبدولزەهرا هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ئێمە لە دووەم ڕۆژی پرۆسەی سەرژمێریداین" گوتیشی: "پرۆسەكە ، تاڕادەیەك سەركەوتوو بوو، هەروەها هاووڵاتیان زۆر بە باشی هاوكاریی بژمێرەكانیان كردووە، لەلایەكی دیكەشەوە بژمێرەكان ئەو پەڕی هەوڵیان داوە بۆ تۆماركردنی خێزانەكان"
هینداوی گوتیشی: "قەدەغەی هاتوچۆ تاوەكوو 12ـی ئەمشەو بەردەوام دەبێت." ئاماژەی بەوەش كرد "تاوەكوو ئێستا پرۆسەكە بەشێوەیەكی پلان بۆ داڕێژراو بەڕێوە دەچێت و كاتژمێر دوای كاتژمێر ڕێژەی سەركەوتن لە هەموو پارێزگاكانی عێراق زیاتر دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان باسی لەوەش كرد: "دوای تەواوبوونی قۆناغی دووەم، قۆناغی سێیەم دەست پێ دەكات و تاوەكوو 10ی 12ی 2024، بەردەوام دەبێت، كە بریتیە لە فۆرمی خێزانەكان، كە جارێكی دیكە بژمێرەكان دەچنەوە بەردەم خێزانەكان و زانیاری وردیان لێ وەردەگرن."
دەشڵێت: "ڕەنگە ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی لەم هەفتەیەدا ئاشكرای بكەین، كە ژمارەی دانیشتووانی عێراق چەندە، هەروەها ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەك چەندە، ژمارەی نێر و مێیەكانیش ئاشكرا دەكرێن." گوتیشی: "پێم وایە ئەنجامی كۆتایی دوای مانگ و نیوێك ئاشكرا دەكەین، چونكە پێویستمان بە هەماهەنگی زیاترە."