بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە هاوەڵی دکتۆر موسەننا ئەمین ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو ماوەی دوو ڕۆژە لەسەر بانگهێشتی حزبی دادگەری و خۆشگوزەرانی - حزب العدالە و الرفاهیە PKS ی ئەندەنوسی بە ئامانجی بەشداری (دیداری دادگەری و دیمۆکراسی JDF) سەردانی ئەو ولاتەیان کردوە.
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو سەردانی سەرکردایەتی ئەو حزبە و فراکسیۆنی ئەو حزبە لە پەرلەمان کە ٥٣ ئەندامیان هەیە کردوە و گوێبیستی چالاکی ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بوون کە لە بواری کاری زانستی و پەروەردەیی و بانگخوازی و بونیاتنانی کۆمەڵگە دا کار دەکەن
هەر لەمیانەی سەردانەکەیاندا لەگەڵ ئەندامانی (JDF) سەردانی پەرلەمانی ئەو ولاتەیان كردوە و دیداریان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی ئەنجامداو گوێبیستی چۆنیەتی کاری پەرلەمان و هەردوو هۆبەی یاسادانان (نوێنەران - پیران ) بوون.
هەر لە درێژەی سەردانەکەیان بۆ وڵاتی ئەندەنوسیا ئەمڕۆش لە بارەگای وەزارەت چاویان کەوت بە بەڕێز (ناتالیۆس بیگای) وەزیری مافی مرۆڤ لە ئەندەنوسیا کە لە بنەرەتدا چالاکەوانێکی دیاری بواری مافی مرۆڤە و خەلکی دورگەی پاپوایە کە خاوەنی کلتورێکی تایبەتن
پاشان سەردانی بارەگای ڕێکخراوی (UNHCR) ی سەربەنەتەوە یەکگرتوەکانیان کرد و لەگەل سەرۆکی لقی ئەو رێکخراوە و ستافەکەی باسکرا لەسەر بارودۆخی پەنابەران لە نێوانیاندا باس لە زیاتر لە ٤١٠ هاولاتی عێراقی کە پەنابەرن و بەشێکی زۆریان کوردن کرا ، لەو دەرفەتەیشدا نوێنەرانی یەکگرتوو داوایان کرد ڕێکخراوەکە کاراتر رۆڵیان هەبێت بۆ راگرتنی دیپۆرتی زۆرە ملێی پەنابەران لە ئەوروپا کە تا ئێستا هەزاران کەسی کردوەتە ئامانج و پێچەوانەیە لەگەڵ ڕێککەوتنامە جیهانیەکان.
ئەمینداری گشتی یەکگرتوو و شاندی یاوەری پاشان سەردانی سەفارەت عێراق یان کرد و لە لایەن سەرکاری سەفارەتی عێراق (د عمار الخالدی ) و ستافی سەفارەت لە جاکارتا پێشوازیان لێکرا و میوانداریان کرا و لە نزیکەوە دڵنیابونەوە لە چۆنیەتی خزمەت کردنی هاولاتیان و سوپاسی سەفارەت یان کرد لەسەر ئازادکردنی ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی کورد و گەڕانەوەیان و ئاسانکاری بەردەوام بۆ هاوڵاتیان.
شایەنی باسە بۆ تەواوکردنی کارەکانی دیداری دادگەری و دیمۆکراسی JDF دەچنە دورگەی (لۆمبۆک) لەو وڵاتە، ئەو کۆڕبەند و دیدارە زیاتر لە بیست و شەش حزب و رێکخراوی سیاسی تێدا ئەندامن و لە ساڵی ٢٠١٦ وە دروستکراوە و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەندامی دامەزرێنەرە و (دکتۆر موسەننا ئەمین ) ئەندامی ئەنجومەنی ئەمیندارێتی دیدارەکەیە و کار دەکات لەسەر پەرەپێدانی ماف و دادگەری و چەسپاندنی دیمۆکراسی و بەرەوپێشبردنی هاوکاری و کاری هاوبەش و بیرو ڕاو ئەزمون گۆڕینەوە لە نێوان ئەندامەکانیدا.