لە مزگەوتێکی شاری سلێمانی هەموو ڕۆژانی دوو شەممە و پێنج شەممانێک خوانی بەربانگ بۆ ڕۆژووەوانان ئامادە دەکرێت.
بەربانگ کردنەوەی بە کۆمەڵی لە مزگەوتی ڕەقیب لە شاری سلێمانی بووەتە نەریتێکی بەردەوامی ژمارەیەک لە نوێژخوێنانی مزگەوتەکە.
بەهۆی ئەوەی مامۆستای مزگەوتەکە هانی نوێژخوێنان دەدات بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئەم سووننەتە گەورەیە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی ئەو کەسانەی دەست بە زیندوو ڕاگرتنی ئەم سووننەتە دەکەن لە زیادبووندایە.
ڕۆژووەوانان هەموو ڕۆژانێکی دوو شەممە و پێنج شەممان وەک ڕۆژانی مانگی ڕەمەزان هەموو لە دەوری یەک سفرە کۆدەبنەوە و بەربانگ دەکەنەوە.
وەک ڕێکخەرانی خوانەکە باسی دەکەن، بیرۆکەی ئەم نەریتەیان لە شاری مەدینەوە هێناوە کە کاتێک بۆ عومرە سەردانی شارەکەیان کردووە دەبینن هەموو ڕۆژانی دوو شەممە و پێنج شەممانێک خوان بۆ ڕۆژووەوانان ئامادە دەکرێت.