هـه‌واڵـه‌كـان وتــار بـه‌رنـامـه‌ درامـــا وه‌رزش ته‌كنه‌لۆجیا پـه‌یـوه‌نـدی ده‌ربــاره‌

وەزارەتی ناوخۆ: "قەدەغەی ھاتوچۆ جووڵەی بازرگانی لە دەروازە نێودەوڵەتییەکان، فڕۆکەخانەکان و خەڵکی بیانی ناگرێتەوە"

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان-عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵاتدراوە بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی ئەنجامدانی سەرژمێرییدا ڕێنمایی تایبەت بە پڕۆسەکە دەر بکەن.

بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆ، ھێمن میرانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، ئاماژەی بە ڕۆژانی ئەنجامدانی سەرژمێریی کرد و گوتی: "پڕۆسەکە بە سێ قۆناغدا دەڕوات، قۆناغی یەکەم لە ١٧، ١٨ و ١٩ی مانگ دەست پێدەکات و بژمێرەکان سەردانی ماڵەکان دەکەن و زانیارییەکانی ناو فۆڕمەکە وەردەگرن. لە قۆناغی دووەم لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی مانگ، جارێکی دیکە تەنیا بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکان سەردانی ماڵەکان دەکەن، بۆ نموونە کەسێک لەماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا لە دایک بووە یان گیانی لەدەستداوە، ئەوا تۆمار دەکرێن. لە قۆناغی سێیەمدا لە ھەمان ڕۆژ تایبەت بەو کەسانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن، ئەوا پێویستە ناسنامەی باری کەسێتی یان کارتی نیشتمانییان لە ماڵەوە ھەبێت بۆ ئەوەی ناوەکانییان تۆمار بکرێت".

ھێمن میرانی گوتیشی: "ئەوانەی تایبەت بە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمن، ئەوا پێویستە لە زێدی خۆیان ئامادەبن، بێگومان ئەوانە ناگرێتەوە کە گوندەکانییان تەواو خاپوور کراوە و شوێنی نیشتەجێبوونییان نەماوە، ئەوانە لە شوێنی ئێستای خۆیان تۆمار دەکرێن و ئاماژە بە زێدی خۆیان دەکەن".

لەبارەی فڕۆکەخانە و دەروازە نێودەوڵەتییەکانیشەوە، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆ ھێمن میرانی گوتی: "قەدەغەی ھاتوچۆ، جووڵەی بازرگانی لە دەروازە نێودەوڵەتییەکان، فڕۆکەخانەکان، دیپلۆمات و ئاژانسەکانی سەر بە یوئێن ناگرێتەوە، ھەروەھا خەڵکی بیانی و گەشتیاریش دەتوانن بە شێوەی سنوورداریی ھاتوچۆ بکەن".

لەبارەی ھاتوچۆی ڕۆژنامەنووسانیشەوە، ھێمن میرانی گوتی: "ڕێگریی لە ڕۆژنامەنووسان ناکرێت، ھەر ڕۆژنامەنووسێک باجی فەرمی دەزگاکەی ھەڵگرتبێت، دەتوانێت ڕووماڵی پڕۆسەکە بکات".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ھێمن میرانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو کارمەندانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، پێویستە ڕێگایان پێ بدرێت بە نۆرە لەماڵەوەبن بۆ ئەوەی لە سەرژمێرییەکە تۆمار بکرێن".

بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆ ھێمن میرانی لەبارەی هەرچەشنە نیگەرانییەک لە ئەنجامی سەرژمێرییەکە، گوتی: "ھەر شتێک کە ببێتە ھۆی گۆڕینی دیموگرافی ئەوا دەگەڕێنەوە بۆ سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧".

بڕیارە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەبچێت و تیاییدا ئەم دوو ڕۆژە بووەتە پشووی فەرمی لەسەرجەم دامودەزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

. بابه‌تی هاوبه‌ش

نرخی دراوه‌كان

100 دۆلار
150,800 دینار
100 یۆرۆ
166,900 دینار
100 پاوه‌ند
188,800 دینار
100 لیره‌
3300 دینار
100 تمه‌ن
7.100.000 دینار