ئیدارەی رۆژئای كوردستان ترسی لە سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ هەیە بە سەرۆكی ئەمریكا، چونكە پێشتر ترەمپ پلانی هەبوو بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی ولاتەكەی لە رۆژئاوی كوردستان.
رۆژنامەی واشنتن پۆست ئەمڕۆ بڵاویكردۆتەوە، ترەمپ بە نیازە هاوكاریی بەشار ئەسەد بكات لە پێناو رێگریكردن لە گەیشتنی هاوكارییەكانی ئێران بۆ حزبوڵای لوبنان كە لەرێگەی ئەو وڵاتەوە پێیاندەگات و لە كاتی جێبەجێكردنی ئەم پلانەشدا، زیان بەر ئیدارەی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان دەكەوێت چونكە پلانەكە بە هاوكاری توركیا جێبەجێ دەكرێت.
لەبارەی پلانەكانی ترەمپ بۆ سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەرشاست، سینەم محەممەد نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لەواشنتۆن لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریكا ئەم جارە سیاسەتێكی جیاواز لەخولی پێشوی سەرۆكایەتیی ئەمریكا پەیڕەو دەكات، نوێنەرەكەی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات هیوای خواستوە كە سیاسەتی ترەمپ بەرەو چارەسەركردنی قەیرانی سوریا و هێنانەدی ئاشتیی و سەقامگیریی بۆ وڵاتەكە هەنگاوبنێت.
راپۆرتە رۆژئاواییەكان باس لەوەدەكەن ئیدارەی نوێی ئەمریكا دەیەوێت هەژموونی ئێران لە سوریا لەقاڵب بدات، سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن دۆخی سوریا زۆر ئاڵۆزە و یەكێكیش دەبێت لە دۆسیەكانی بەردەم ترەمپ، میدیاكانی ئەمریكا لەبارەی سوریا ئاماژەیان بەوەداوە، ترەمپ دەیەوێت هاوكاری بەشار ئەسەد بكات بۆ ئەوەی هەژموونی ئێران كەم بكاتەوە و پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و سوریا ئاسایی بكاتەوە.