سەرۆکی چین، شی جین پینگ داوای لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کرد کە ناکۆکییەکان و پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان ھەردوو وڵات بە "شێوەیەکی گونجاو" ئیدارە بدات.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە شی جین پینگن پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کردووە بە بۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە سەرۆکی چین جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەردوو وڵات ڕێگایەکی ڕاست بۆ هاوبەشی نێوانیان بدۆزنەوە، بەشێوەیەک کە سوودی بۆ خۆیان و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی جیهان هەبێت.
شی جین پینگ ئاماژەی بەوەداوە، مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە چین و ئەمریکا لە زۆر دۆخدا سوود لە هاریکاریكردنی یەکتر وەردەگرن، بەڵام ئەگەر ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە، ئەوا زیانیان پێ دەگات.
هەروەها ڕاشیگەیاندووە: "ئومێد دەخوازین کە چین و ئەمریکا گفتوگۆ و پەیوەندییەکان بەهێزتر بکەن، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هاریکاریی، هەروەها داوا دەکەم هەردوو وڵات ناکۆکییەکانی نێوانیان بە شێوەیەکی گونجاو ئیدارەبدەن و هاریکارییەکانیان بە شێوەیەک فراوانتر بکەن کە سوودی بۆ هەردوولادا، هەبێت".
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پەیوەندییەکی سەقامگیریی، بەهێز و بەردەوام لەنێوان چین و ئەمریکا، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات دەکات.