ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لە پڕۆسەی سەرژمێریدا خەڵك لەسەر بنەمای ناوچە رەسەنەكانی خۆیان تۆمار بكرێن نەك شوێنی نیشتەجێبونی ئێستایان، لە بارەی كەركوكیشەوە حكومەتی عێراق بڕیاری دا بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1957 دانیشتوانی ئەو پارێزگایە تۆمار بكرێن.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوەوە و تەوەرێكی كۆبونەوەكە باسكردن و بڕیاردان بوو لەسەر نیگەرانییەكانی كورد لەبارەی سەرژمێری، كە كورد داوای كوردبوو بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری خەڵكی كوركوك لە ناوچەكانی خۆیان ئاوارەبوونە و لە هەولێر و سلێمانی ژیان بەسەر دەبەن سەرژمێری لە كەركوك دوابخرێت، بۆیە حكومەتی عێراق بڕیاردرا ئەو كەسانەی كە خەڵكی ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستورن، واتا ناوچە جێناكۆكەكان، لەسەر ناوچەكانی خۆیان تۆمار بكرێن، نەك ئەو ناوچانەی كە ئێستا تێیدا نیشتەجێن.
سەبارەت بە سەرژمێری لە كەركوك كە یەكێكە لە بابەتە هەستیارەكان بەلای كوردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە، لە سەرژمێریی كەركووك، بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1957 دانیشتوانی ئەو پارێزگایە تۆمار دەكرێن، هەروەها بۆ ڕەواندنەوە نیگەرانیەكانی كورد بڕیاردرا نوێنەری حكومەتی هەرێم لە سەنتەری تۆماركردنی داتاكان لە بەغداد ئامادەیی دەبێت.
بڕیارە لە 20 و 21ی ئەم مانگە پڕۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئەنجامبدرێت بۆ ئەو مەبەستەش 2 رۆژ دەكرێتە قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ئەوەی سەرجەم دانیشتوانی عێراق لە سەرژمێری گشتی تۆمار بكرێن.