ئەمڕۆ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە فەرمی تانەی لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا، دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتوو بە سپێدەی راگەیاند، یەكگرتوو بە فەرمی تانەی لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنداوە.
لەو بارەوە، جومانەغەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، لەكۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، 41 تانە لەسەر ئەنجامەكان تۆماركراون و لەماوەی هەفتەیەكیشدا وەڵامی سەرجەم تانەكان دەدرێنەوە و ئاڕاستەی دەستەی دادوەریی دەكرێن بۆ بڕیاردانی كۆتایی لەسەر تانەكان و كۆی پرۆسەكە.
وتەبێژی كۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمڕۆ وادەی پێشكەشكردنی تانە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن كۆتاییهات، لە هەر چوار بازنەكەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش 41 تانە تۆماركراون.
ئاماژەی بەوەشكردوە، لەسەر ئاستی بازنەكان زۆرترین تانە لە بازنەی سلێمانی تۆماركراون كە 25 تانەن، پاشان هەولێر دێت كە 12 تانە لەو بازنەیە تۆماركراون، دواتریش دهۆك كە سێ تانە تۆماركراون، كەمترین تانەش لە بازنەی هەڵەبجە تۆماركراوە كە یەك تانەیە.