ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری هەولێر ئەنجامدا و دوای كۆبوونەوەكە بەلاغێكیان بڵاوكردەوە :
بسم الله الرحمن الرحیم
بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
ڕۆژی شەممە بەرواری 2/11/2024 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا لە هۆڵی (شەهید فوئاد چەلەبی) لە شاری هەولێر بە سەرۆكایەتی (د. هادی عەلی) و ئامادەبوونی مامۆستا (سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین) ئەمینداری گشتی و (د. محمد ئەحمەد) سەرۆكی دەستەی باڵای چاودێری حیزب.
سەرەتا مامۆستا سەڵاحەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە وتارێكدا تیشكی خستە سەر بارودۆخە گشتیەكەو هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە لە 20/10/2024ی ئەمساڵدا ئەنجامدراو لەو بارەیەوە دیدو تێڕوانینی پێویستی خستەڕوو.
پاشان ئەندامانی سەركردایەتی تەوەرەكانی كارنامەی كۆبوونەوەكەیان خستە بەر باس و تاوتوێكردن بە مەبەستی دیاریكردنی ئەرك و بەرپرسیاریەتی پەیوەست بە قۆناغەكەو وەرگرتنی بڕیارو راسپاردەی پێویست بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەكەم/ سەبارەت بە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی كوردستان و شێوازی ئەنجامدانەكەی و دەرەنجامەكانی، كۆبوونەوەی سەركردایەتی نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر لایەنەكانی دەسەڵات كە جارێكی تر وێڕای بە كارهێنانی سامانی گشتی و دەزگاكانی دەسەڵات لە بەرژەوەندی خۆیان، بەوەش نەوەستان پەنایان بردە بە چەندین شێوازی گوشارو ساختەكاری و كاری نایاسایی بە مەبەستی كەمكردنەوەی ڕێژەی دەنگ و ژمارەی كورسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و چەند لایەنی تری ئۆپۆزسیۆن، بەو هۆیەوە راستەوخۆ هەر لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان لە لایەن كۆمسیۆنەوە، ئەوەبوو دەزگای هەڵبژاردن و فركسیۆنی یەكگرتوو لە بەغدا راسپێردران بۆ بەدواداچوونی ساختەكاریەكان و كۆكردنەوەی بەڵگەو دیكۆمێنتی پێویست بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵاو تانەدان لە ئەنجامەكان.
هەروەك كۆبوونەوەی سەركردایەتی جەختی كردەوە لە سەر بڕیاری بەشداری نەكردنی یەكگرتوو لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم و درێژەدان بە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی خۆی لە پەرلەمانی كوردستان.
هەر بەو بۆنەیەوە سەركردایەتی سوپاس و دەستخۆشی خۆی ئاڕاستەی رێكخستنەكان و سەرجەم كاندیدانی لیستی (148) و دەزگاكانی راگەیاندن و راگەیاندكاران و چالاكوانانی سۆشیال میدیاو تێكڕای كادرو ئەندامان و لایەنگرانی یەكگرتوو كردو هەوڵ و شەونخونیان بۆ بە دەستهێنانی سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكەدا بەرز نرخاند، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هەموو دۆستان و كەسایەتیە ئیسلامخوازەكانی كوردستان و پشتیوانیكردنیان بۆ لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان.
دووەم/ سەبارەت بە كۆنگرەی داهاتووی حیزب، كۆبونەوەی سەركردایەتی بڕیاریدا كۆنگرە لە كاتی خۆیدا پێش كۆتایی ئەمساڵی/2024 ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاری پێویستی وەرگرت و چەند لیژنەیەكی راسپارد بۆ تەواوكردنی ئامادەكارییەكان بۆ گرێدانی كۆنگرەی نۆیەم لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.
سێیەم/ سەبارەت بە شەڕو ئاڵۆزیەكانی ناوچەكەو ئەگەری فراوانبوونی، كۆبووونەوەی سەركردایەتی جارێكی تر هاوسۆزی و نیگەرانی خۆی دوپاتكردەوە بۆ خەڵكی بێ دیفاعی غەززەو لوبنان و ناڕەزایی خۆی رادەگەیەنێت لە ئاست ئەو بێ هەڵوێستیەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامیەكان بە تایبەتی، كە بە داخەوە هیچ كاردانەوەیەكی مرۆڤانەو موسلمانانەیان نیە بۆ رێگریكردن لە كۆمەڵكوژی و جینۆسایدكردنی موسڵمانانی غەززەو كۆتایی هێنان بەو جەنگە نابەرامبەرە.
لە لایەكی ترەوە كۆبوونەوەی سەركردایەتی دەستخۆشی ئاڕاستەی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە بەغداو فراكسیۆنە كوردستانیەكان كرد بۆ بەردەوام بوون لە دەنگدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعس بە مەبەستی گێڕانەوەی زەوی و موڵكی كوردو توركمان و هەندێ پێكهاتەی عەرەبی پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی ماددەی 140، هەر لەو میانەدا پێشوازی كرد لە هەوڵەكانی ئاشتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیاو ئامادەیی یەكگرتوو بۆ هەر هاوكاریەك پێی بكرێت لەو بوارەدا.
لە كۆتایی دا ئەنجومەنی سەركردایەتی جارێكی تر سوپاس و پێزانینی خۆی تەئكید كردەوە بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانی حیزب و رێكخراوە خێرخوازی و بانگخوازی و پیشەیی و جەماوەریەكانی یەكگرتوو، داوایكرد بەردەوام بن لە پێشكەشكردنی جوانترین نمونەی كارو چالاكی و خزمەتگوزاری بە خەڵكی كوردستان لە پێناو گەیشتن بە ڕەزامەندی پەروەردگارو سەرفرازی رۆژی قیامەت...
خوای گەورە پشتیوان و ڕێنیشاندەری هەموان بێت
ئەنجومەنی سەركردایەتی
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان