دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەمە 13/10/2024، لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ رێكخستنەكانی مەڵبەندی حەوتی ڕانیەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، بە ئامادەبوونی سەرۆكی لیستی ژمارە ١٤٨ و ژمارەیەك لە كاندیدەكانی بازنەی سلێمانی، مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، ڕایگەیاند: ڕۆژگار دەریدەخات كە پارتی و یەكێتی بانگەشە ئایینییەكانیان بۆ ڕیكلامی هەڵبژاردنە یان بیروباوەڕیان گۆڕاوە، بۆ ئێمە وەك یەكگرتوو كە حزبێكی ئیسلامین و پاشگری ئیسلامیمان پێوەیە و هەر لەسەرەتاوە گۆشكراوین بە نوێژ و ڕۆژوو و شەونوێژ و پابەندی تەواومان بە بەها دینییەكان هەبووە ئاساییە و مافی خۆمانە كە ئیسلامی بوونمان بۆ بانگەشە بەكاربهێنین، بەڵام هیوادارم بانگەشە ئایینییەكانی ئەوان و داخستنی شوێنە خراپەكانیان بیروباوەڕبێت نەك ریكلامی هەڵبژاردن..
لە بەشێكی تری ووتەكانی دا جەختی كردەوە: شكاندنی شكۆی پەرلەمان و داخستنی، تاوانێكی نائەخلاقی و سیاسی بوو، فێڵ و پیلانی بۆ داڕێژرا بوو بۆ نائومێدكردنی خەڵك.. بۆیە لە ڕانیە دەروازەی ڕاپەرین دەروازەی شكاندنی شكۆی زوڵم و ستەم داوا لە گەنجان كچان و كوڕان بەتایبەت و سەرجەم توێژەكانی دیكە بەگشتی دەكەم بۆ گەڕاندنەوەی شكۆی پەرلەمان لەرۆژی 20/10 بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و سزای دەسەڵات بدەن و تۆڵەیان لێبكەنەوە، كاری جددی بكەن بۆ سەرخستنی لیستی ژمارە ١٤٨، لیستی خوا لەخۆ ڕازیكردن، لیستی خزمەت بە خەڵك، لیستی كاندیدە ئازا و چاونەترس و بوێر و شارەزا و دەستپاك و ڕاستگۆكان..