بریکاری وەزیری نەوتی عێراق، باسم محەمەد خزەیر ڕایگەیاند کە لەچوارچێوەی پڕۆژەیەکی گەورە بۆ زیادکردنی داھاتەکانی وڵاتەکەی، پلانیان ھەیە تا ساڵی ٢٠٢٨، بەرھەمھێنانی نەوت زیاد بکەن و بگەیەننە شەش ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
باسم محەمەد خزەیر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە وەزارەتەکەیان پلانێکی باشی ھەیە بۆ پاڵپشتیکردن و بەردەوامی بەرھەمھێنانی نەوت، ئەوەش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی بڕی پێویست بۆ ھەناردەکردن.
ڕاشیگەیاندووە کە وەزارەتەکەیان تا ساڵی ٢٠٢٨، بەرھەمھێنانی نەوت زیاد دەکات و دەگەیەنێتە شەش ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ھەروەھا وەزارەتەکەیان بڕی غازی پێویستیش بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکان و بەکارھێنانی لە وزە و پێشەسازییەکاندا، بەرھەم دەھێنێت.
عێراق لە دوای سعوودیە دووەم گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوتی خاوە لەنێو وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپیک بە جۆرێک لە دۆخی ئاساییدا، ڕۆژانە تێکڕا چوار ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەم نەوت دەھێنێت و بۆ خەرجییەکانی دەوڵەتیش بەڕێژەی ٩٢ لەسەدا، پشت بە داھاتی فرۆشی نەوت دەبەستێت.