هێرشێکی سوپای ئیسرائیلی داگیركهر بۆ سەر کەمپی ئاوارەکان لە شارۆچکەی خان یونس لە کەرتی غەززەی داگیرکراو، بە لایەنی کەم ٤٠ کەس شههیدبوون.
شایەتحاڵان ڕایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلی داگیركهر خێوەتی ئاوارەکان لە کەمپی خان یونس کە خۆیان بە "ناوچەی پارێزراو" ناوی دەهێنن، بە سێ مووشەک کردووەتە ئامانج.
لە هێرشەکەدا ٢٠ بۆ ٤٠ خێوەت بە تەواوی سووتاون و ژمارەیەکی زۆریش ئاوارە گیانیان لەدەستداوە.
تیمەکانی فریاکەوتن بەهۆی نەبوونی کارەبا لە شوێنەکە، بە سەختی توانیان فریای ئاوارەکان بکەون و تەرمی کوژراوان لە ژێر داروپەردووی رووخاودا دەربهێنن.
بە هۆی بۆردومانەکەوە لە چەندین شوێن چاڵ دروست بووە و ئەوەش ڕزگارکردنی خەڵکەکەی ئەستەم کردووە و باس لەوەش دەکرێت کە هەندێک خێزان لەو چاڵانەدا دیار نەماون.
لە ئاکامی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل لە غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا بەردەوامن، ٤٠ ھەزار و ٩٧٢ کەس شههیدبوون و ٩٤ ھەزار و ٧٦١ی دیکەش برینداربوون.