سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە بەڕێژەی لەسەدا سەد، باجی گومرگی بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنن کە دەستبەرداری دۆلار بوون.
دۆناڵد ترەمپ، لە گوتارێکدا کە لە میانی بەشداری کردنی لە گردبوونەوەی جەماوەریدا لە ویلایەتی ویسکۆنسن پێشکەشی کرد، پلانە ئابوورییەکانی ڕاگەیاند کە پەیوەندیدارە بە توندکردنی زیاتری پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ چین و یەکێتی ئەورووپا ، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەدا، ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا ناکات کە دەستبەرداری دۆلار بوون و گوتی: "بەڕێژەی لەسەدا سەد، باجی گومرگی بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنن کە دەستبەرداری دۆلار بوون".
پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕاوێژکارە ئابوورییەکانی ڕایگەیاندبوو کە باجی گومرگی بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنن کە بۆ مامەڵە بازرگانییەکانیان بە دوای دراوی دیکەدا دەگەڕێن جگە لە دۆلار.
ئەمەش دوای ئەوە دێت هەریەک لە چین، هیندستان، بەڕازیل، ڕووسیا و ئەفریقای باشوور لە لووتکەی ساڵی ڕابردوودا دەستبەرداربوونیان لە دۆلار تاوتوێ کرد، ئەوەش لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت دۆلار وەک دراوی یەدەکی جیهان بمێنێتەوە.