راپۆرت - سامان خۆشناو
فیفا كۆی خەرجییەكانی یانەكانی لە ماوەی گواستنەوەی ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤ ئاشكرا كرد
مێركاتۆی هاوینە ژمارەیەكی پێوانەیی گواستنەوەی یاریزانانی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 11 هەزار گواستنەوە، لە كاتێكدا یانەكان 6.4 ملیار دۆلاریان خەرج كردووە، كە دووەم گەورەترین ژمارەیە لە مێژوودا.
بەپێی ڕاپۆرتەكەی فیفا، لە ماوەی وەرزی هاوینەی ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی گواستنەوەكان بە ڕێژەی 4.8% كەمیكردووەو و لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە 10 هەزار و 490 گواستنەوە.
لە كاتێكدا كۆی خەرجییەكانی مێركاتۆی هاوینەی ساڵی ٢٠٢٣ نزیكەی یەك ملیار دۆلار زیاتر بوو لەو خەرجیەی ئەم هاوینە كراوە،چونكە یانەكان لەو كاتەدا7.4 ملیار دۆلاریان خەرجكردووە.
لە پێشبركێی ئافرەتان6.8 ملیۆن دۆلار خەرج كراوە و بە گشتی هەزار و ١٢٥ گواستنەوە تۆمار كراوە.
ماڵپەڕی ترانسفێر ماركێت كە تایبەتە بە گواستنەوەكان، لەم دواییانەدا بڵاویكردەوە، یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی لە كۆتا مێركاتۆدا یەك ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلاریان خەرجكردووە، كە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ١٤% پاشەكشەیان كردووە.
لەسەر ئاستی یانەكانی ئینگلتەراش یانەی چێڵسی زۆرترین پارەی لەگواستنەوەی یاریزانان خەرج كردووە بە 261ملیۆن یۆرۆ.
یانەكانی ئیتاڵیاش لە نێو پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپا دووەم زۆرترین بڕی پارەیان لە گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان خەرجكرد كە بری 825 ملیۆن یۆرۆ بوو، یانەكانی فەرەنساش بە خەرجكردنی 697 ملیۆن یۆرۆ پلەی سێیەمی ریزبەندیان وەرگرت و یانەكانی ئیسپانیاش بە خەرجكردنی بڕی 599 ملیۆن یۆرۆ پلەی چوارەمی ریزبەندیان وەرگرت و یانەكانی ئەڵمانیاش بە 572 ملیۆن یۆرۆ پلەی پێنجەمیان بەدەستهێنا.