دیدیە دیشامپی ڕاهێنەری فەڕەنسا دڵخۆش بوو كە دواجار كیلیان مباپێ گۆڵی لە خولی ئیسپانیا تۆماركرد لەگەڵ یانە نوێیەكەی ڕیاڵ مەدرید.
دیشامپ دوای گەیشتن بە كلێر فۆنتێن، بارەگای سەرەكی هەڵبژاردەی فەرەنسا، بۆ ئەوەی خۆی بۆ دوو یاری لە نەیشن لیگ ئامادە بكات، وتی: دیارە من دڵخۆشم بۆ مباپێ، داواكاری زۆر زۆرە (لە ڕیاڵ مەدرید) و كیلیان لەسەر ئەوە ڕاهاتووە.
گوتیشی، لەگەڵ گۆڕانی یانەكەدا چاوەڕوانی زۆری لێدەكرێت، كارلۆ ئەنشلۆتی نیگەران نەبوو، منیش نیگەران نەبووم، كیلیان هەمیشە گۆڵ تۆمار دەكات، بە زەردەخەنەوە پەیوەندیمان پێوە دەكات، تیپی فەرەنساش باشترە كاتێك كیلیان لێرە بێت.
سەبارەت بە پێگەی مباپێ لە هێڵی هێرشبەری یانەی ڕیال مەدرید وەك سەری ڕم لەبری یاریزانی باڵ، دیشامپ دووپاتیكردەوە "داوای لێدەكرێت پێگەیەكی دیاریكراوی لە ڕیال مەدرید هەبێت، لە هەر حاڵەتێكدا هەموو یاریزانە هێرشبەرەكان هەمیشە ئازادییەكی گەورەیان هەیە و كیلیان پێویستی بەو ئازادییە هەیە".