بەهۆی باران و لافاو لە پارێزگای حودەیدەی یەمەن كە لە ژێر دەسەڵاتی حوسیەكاندایە 129 كەس بونەتە قوربانی و لە ژمارەیە 95 كەسیان گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئاژانسی سەبای سەر بە حوسییەكان ، ژمارەی قوربانیانی لافاوەكەی پارێزگای حودەیدە بۆ 129 كەس بەرزبوەتەوە كە 95 كەسیان گیانیان لەدەستداوە و 34 كەسی دیكەش بریندارن.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشكردوە، بەگوێرەی ئامارەكانی لیژنەی فریاگوزاری لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردودا 11 كەس بەهۆی ڕوداوەكانی خنكان و ڕوخانی خانو لەگەڵ ڕەشەبادا گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی ئەنجامی ئەو بارانبارینە بەخوڕەی كە لە سێشەممەی ڕابردوەوە ئەو وڵاتەی گرتوەتەوە و كۆی گشتی گیانلەدەستدان گەیشتە 95 كەس.
ئاژانسەكە باسی لەوەشكردوە، لەقەزای زەبید زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانی تۆماركردوە كە 21 كەسە، دواتر لە ئەلزەهرا بە 11 كەس، ئەلزەیدیە 10 كەس، هەروەها لە هەریەكە لە قەزاكانی باجیل، دورەیحیمی و بەیت فقیح 7 كەس گیانیان لەدەستداوە، لە مراوا شەش كەس، پێنج كەسی دیكەش لە سخنە، هەمان ژمارە لە دوحە، چواركەس كەس لە بورا و لە زۆرێك لەشار و شارۆچكەكان گیان لەدەستدان هەبووە.
ڕوودانی ئەم كارەساتە سروشتیە لە كاتێكدایە لە كۆتایی مانگی تەمموز و سەرەتای مانگی ئابەوە ڕێژەی بارانبارین لە سەرتاسەری یەمەن زیادیكردوە و لافاوەكە زیانێكی بەرچاوی مرۆیی لێكەوتوەتەوە و جگە لەوە زیانی بە هەزاران ماڵ و شوێنی حەوانەوەی خەڵكی ئاوارە گەیاندوە و زیانێكی زۆری بە ژێرخانی یەمەن و تۆڕەكانی ڕێگاوبان گەیاندوە.