سەرەڕای ناڕەزایەتی و نیگەرانیەكان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سوورە لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی ژمارە 188كە لەساڵی 1959 لە عێراق دەرچووە ، ئەمڕۆ فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خشتەی دانیشتنی سبەی سێشەممەی بڵاوكردەوە، كە لە كاتژمێر 1ی دوانیوەڕۆ دەستپێدەكات و تیایدا خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژە یاسایەك دەكرێت لەوانە یاسای باری كەسیەتی.
بەپێی كارنامەی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای باری كەسێتی دەكرێت، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بەشێكی پارتە سیاسیەكان پێیان وایە یاسای باری كەسیەتی كە ئێستا بڕیارە هەموار بكرێتەوە، دەبێتە هۆی تێكدانی شیرازەی خێزان و ئاستەنگ دروست دەكات لەبەردەم كاروباری دادگاكان و یەكلایی كردنەوەی دۆسیەكان قورستر دەكات ، بەپێی قسەی چالاكوانان هەمواركردنەوەكە كێشەی گەورە بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری دروست دەكات و كێشەی گەورە دەخاتە نێوان هاوسەران لە بابەتی مەزهەب و هاوكات كێشەی گەورەی تەندروستی لێدەكەوێتەوە بەتایبەت لە بەشوودانی كچانی تەمەن بچووك.
ئەم هەموارە ژمارەیەك پەرلەمانتاری پێكهاتەی شیعە پێشكەشیان كردووە، ئەوەی جێگەی نیگەرانیە لە هەموارە نوێیەكەی یاسای باری كەسیەتی رێگە بە هاوسەرگیری كچانی خوار تەمەن 18 ساڵ دەدرێت و تەمەنی شوكردن كەمدەكرێتەوە بۆ 9 ساڵ.
لەدوای لە ساڵی 2003وە ئەمە جاری سێیەمین جارە شیعەكانی عێراق هەوڵی هەمواركردنی یاسای باری كەسێتیی عێراقی دەدەن.