خوێن لە دەرگای کەرکووک دەدات
.
- محەمەد عەفیفی یەکێکە لە تەنزنووسە میسریە بەناوبانگەکانی جیھانی عەرەبی،لە کتێبی (تەنھا بۆ گەورەکان)دا دەڵێت: ئەگەر پیاوێک بەهۆی برسێتییەکی زۆرەوە بمرێت، ئەوە هۆکاری هیچی تر نییە جگە لەوەی پیاوێکی تر لە هەمان ساتدا بەهۆی تێربوونی زۆرەوە مرد...!
- ئەمە یەکسانییە یان دادپەروەری وەک ئەوەی لە یەکێک لە گوندەکانی کوردستاندا،لە کادرێکی مارکسی دەپرسن،خودا دادپەروەری یان یەکسانی دەوێت ،ئەویش دەڵێت دادپەروەری.چونکە ئێمەی چەپ یەکسانیمان دەوێت و باوەڕدار نین.
- لە بڕگەیەکی تری نووسینەکانی عەفیفی دا ھاتووە، زۆر حەزم لەخوێندنەوەی کتێبی خەیاڵیە،بۆ نموونە دوێنێ جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤم ! دەخوێندەوە.
- لێرەوە دەمانباتەوە ناو ئەو گاڵتەجاڕیە بەناوی مافی مرۆڤ و نەتەوە و مەزھەب و ئاینەوە دەکرێت و خەڵکی پێ فریو دەدرێت.
- لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو،،خەڵکی گەرەکی شۆرەجە بۆ گەیاندنی داواکاری راکێشانی کارەبا بۆ بەشێک لە گەڕەک،کە تاو ئەو کاتەش کارەباییان پێ نەگەیشتوە ،بە کۆمەڵ دەکەونەڕێ بۆ لای موتەسەریف ،لە کاتی پەڕینەوە لە پردی خاسە،صالح کە یەکێک لە مشروب خۆرەکان و لەناو ئاپۆڕایی جەماوەردا ھاواردەکات.خەڵکینە ھەموو تاوانی ئەم گۆرگیسە نەعلەتیە کە ئارەق دەفرۆشێتە بەرپرس و موسڵمانەکان ،ھەر ئەمە وایکردوە ھەموویان سەرخۆش بن وئاگایان لە رەعیەت نەمێنێت.
- مامە گۆرگیسی بەسزمانیش ھەموو تاوانی ئەوەیە ،پارەی زۆری لای صاڵەحەوە ،چیتر ئارەقی بەقەرز پێ نەداوە.
لەناو ھاوار و زەڵەی خەڵکەکەدا ھەڵدەکوتە سەر دوکانەکەی گۆرگیس و تێکوپێکی دەدەن،صاڵەح فرسەت دێنێ دەفتەری قەرزەکان دەبات.
پۆلیس و باڵباز دەکەونە وێزەی خەڵکەکەوە بڵاویان پێ دەکەن،بۆ رۆژانی دواتر صاڵەح دەچێتە نزیک مام گۆرگیس کە خەریکی دوکانە وێرانەکەیەتی،،پێ دەڵێت:ئارەقم پێ نادەی بەقەرز ئەوە ئەنجامەکەیەتی،مەمنوونی خوابە کە نەکوژراوی و بەساغی ماویت.
مام گورگیس دەڵێت :صاڵەح تۆ دەفتەری قەرزەکەم بۆ بێنەوە،وەعد بێت، قەرزەکانی تۆ رەش بکەمەوە و دووبوتڵی عەرەقی گوڵناریشت بە دیاری پێ بدەم.
ئەوەی دەستکەوتی موزەھەرەکەبوو، کارەبای گەڕەکی شۆرجە نەکراو و صاڵەح دووبوتڵ عارەق و مام گورگیسیش دوکانەکەی تێک پێکدرا.
گەر بەوردی بە رەھەندەکانی ئەم بەسەرھاتەدا بچینەوە،بە ئاشکرا لە ھەموو لایەکەوە بەردەوامی بە کێشەی کەرکووک دەدرێت ،لەسەر بنچینەی ئاینی و مەزەبی و قەومی و چی و چی.
کۆتایی ئەم ھاتن و چوون و رێکنەکەوتن و یاریە سیاسیانە باش نابێت،خوێنێک و ماڵوێرانێک چاوەڕێ ی کەرکووک دەکات،کە رەنگە بە ھیچ باڵباز و قومیسەرێک شەڕەکە کۆتایی پێ نەھێنرێت.
چارەسەری کێشەی کەرکووک لە کەرکووکە نەک جێگەی تر.ماڵوێرانی و ئاوارەی و نائارامی ھەربۆ کەرکووکە نەک شوێنی تر.
کورد و تورکمان و عەرەب و کێ و کێ متمانە و راستگۆیان گەرەکە نەک کۆبوونەوەی گەورەو ئەنجامی ھیچ.فرسەتە دوور لە چاوی کامێراو راگەیاندنەکان کۆبوونەوە بکەن و بگەن بە رێک کەوتن .زۆرترین دروشمی درۆینەمان لە راگەیاندنەکانەوە گوێ لێ بوو،وەک گاڵتەجاڕی مافەکانی مرۆڤ ،کەمترین کردارمان بینی.با خەڵکی کەرکوک نەمرێت لەبرسا و لە شوێنی تر ،خەڵک لە زۆرخۆری و تێردا دەمرن،مەکەونە دوای ھات و ھاواری صاڵەحەکان،ئەگەر نا کەرکووک بێ کارەبا دەمێنەوە و دوکانەکەی مام گورگیسیش وێران دەکرێت.خۆتان دەفتەری قەرزەکان رەش بکەنەوە.
خوێن لە دەرگایی کەرکووکدا دەدات و ھەڵکەوتەی جوگرافیایی شارەکە شێوە بازنەیی ھەیە و دەرگایی زۆرە بۆ ئەوەی واڵا بکرێت.لە ھەر ئان وساتێکدا ئەو خوێن و شەڕە بەرۆکی ئەو شارە دەگرێت.ناکرێت لە شارێکدا بەناوی جیاجیا ھێزی چەکدار و ئامادە ھەبێت،لە ھەر ماڵێکدا چەک و جبەخانە ھەبێت،شارێک خۆی لە لێوان لێوبێت لە بارووت و نەوت و بەنزین،لە ھەموو لایەکەوە گڕ و ئاگر بدرێت،ئیدارەدان شارێکی وا خەڵکی عەلیم و حەلیمی گەرەکە،لەیەک بڵاچەی چەرخێکەوە ماڵی تورکمان و کورد و عەرەب و مەسیحی و کلدانیش دەبێتە قەرەبرووت،سیاسەتمەداری ژیر و سیاسەتی حەکیمانە ،ئەوەیە لەمپەر لەبەردەم ئەو ئاشووبدا بگرێت نەک ختوکەی یەکتر بدەن،بۆ ھەڵگیرسانی شەڕێک کە خوا وخەڵک و شارەکە ناوێت.