كێشه‌ سیاسیه‌كانی پارتی و یه‌كێتی بۆ نێو وه‌رزش ده‌په‌رێته‌وه‌

بۆتان عومه‌ر 25/07/2020 - 18:07 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی وەرزشی ناوخۆیی

ململانێی پارتی و یه‌كێتی شۆڕبۆته‌وه‌ نێو وه‌رزشیش و به‌شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری خراپی كردۆته‌ سه‌ر بڕیاره‌كانیان ، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌رزشی كوردستان به‌رگی‌ ده‌ڤه‌ری هه‌ولێڕ و سلێمانی  به‌ به‌ركراوه‌ .

پێشتر ، له‌ سلێمانی  لیژنه‌ی ئۆلۆمپی كوردستان هه‌بوو ، له‌ هه‌ولێریش ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌رزش هه‌بوو ،  دوو ده‌زگای وه‌رزشی له‌ دوو شار بوون،  پاشان هه‌ردوو ده‌زگا  تێكه‌ڵكران و ، بوونه‌ به‌ لێژنه‌ی ئۆلۆمپی ، كه‌ تاكو ئێستا ئه‌م لێژنه‌یه‌ هیچ یاسایه‌كی فه‌رمی نیه ‌و له‌ په‌رله‌مانیش یاسایی بۆ دانه‌نراوه ‌.

ئه‌ندامانی  لیژنه‌ی ئۆلۆمپی و یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستانیش  پێكدێن له‌  پارتی و یه‌كێتی ، تاكو ئێستاش هه‌ڵبژاردنی نه‌كراوه‌، ته‌نها تاك تاكه‌ و بێ هه‌ڵبژاردن ئه‌ندامانی یه‌كێتیه‌كان به‌ بڕیاری حزبی گۆڕدراون .

 یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان له‌ چواروچێوه‌ی لێژنه‌ی ئۆلۆمپی هه‌رێمی كوردستان ، كه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئۆلۆمپی یه‌كێتیه ‌و سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستانیش پارتی ، به‌رده‌وام ئه‌و كێشانه‌یان هه‌بووه‌ كه‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان بۆ هه‌موو كارێك ناگه‌ریته‌وه‌ بۆ بریاره‌كانی لیژنه‌ی ئۆلۆمپی به‌ تایبه‌ت له‌ باسی دارایی و بوودجه .

ئه‌مرۆ‌ بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی خولی نایابی كوردستان ، یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ ، كات و ساتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ خراپ بوو ، یه‌كشه‌مه‌ی داهاتووش كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌ و یه‌كێتی و پارتیش لێدوانی دژه‌ یه‌كیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی په‌رله‌مان .

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ، كه‌ له‌ باره‌گای یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان به‌رێوه‌چوو ، سه‌فین كانه‌بی سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامێكی تری پارتی ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ نه‌بوون ، كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتیه‌كه‌ ئه‌نجامدرا ، كه‌ 5 ئه‌ندامی یه‌كێتی و 3 ئه‌ندامی پارتی بوون " به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاردرا كه‌ یانه‌ی نه‌ورۆز وه‌ك پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان دیاریبكرێت و برایه‌تیش دووه‌م و هیچ یانه‌یه‌ك دانه‌به‌زێت و ئاراراتیش  له‌  ده‌گه‌رێندرێته‌وه‌ خوله‌كه‌".

ئه‌مه‌ش یه‌كێتیه‌كه‌ی كرده‌ دووبه‌شه‌وه‌ كه‌ به‌قسه‌ی ئه‌ندامانی پارتی بێت ئه‌ندامانی یه‌كێتی ئه‌و بڕیاره‌یان داوه‌ " ئه‌وان واژۆیان له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ نه‌كردووه‌ و پێشی رازی نین و وه‌ك سكرتێری یه‌كێتیه‌كه‌ ده‌لێت بڕیاره‌كه‌ نایاسیا بووه‌ ئه‌مه‌ قه‌بوڵ ناكه‌ین .

ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین ، یانه‌ی نه‌ورۆز یانه‌یه‌كه‌ سه‌ر به‌ ده‌ڤه‌ری سه‌وزه‌ و ده‌نگۆش هه‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت ، هه‌ر ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه‌ گرژی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی پارتی له‌ نێو یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان دروست كردبێت .

له‌ كوردستان وه‌رزش تێكه‌لاوی سیاسه‌ت كراوه‌ ، هه‌ركاتێك سیاسیه‌كان ناكۆك بن و یه‌كێتیه‌ وه‌رزشیه‌كانیش ناكۆك ده‌بن و خۆیان به‌ دوور نه‌گرتووه‌ له‌ بڕیاره‌ سیاسیه‌كان ، ئه‌مه‌ش زۆر به‌ روونی  كاریگه‌ری نه‌رێنی گه‌وره‌ی بۆ پێشكه‌وتنی وه‌رزش له‌ كوردستان دروست كردووه‌ و ژێرخانی وه‌رزشی بۆ دواوه‌ گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ .