گرانادا ده‌یه‌وێت خزمه‌تی به‌رشلۆنه‌ بكات و ریال مه‌دریدیش تووشی شۆك بكات

بۆتان عومه‌ر 13/07/2020 - 10:52 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی وەرزشی ناوخۆیی

له‌سه‌ر یاریگای تۆیفۆ لویس كارمیتس یانه‌ی ریال مه‌درید بۆ نزیك بوونه‌وه‌ له‌هه‌نگاوێكی تری بردنه‌وه‌ی نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی لالیگا ده‌بێته‌ میوانی غه‌رناته‌.
ڕیال مه‌درید خاوه‌نی 80 خاڵه‌و پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی یانه‌كانی گرتوه‌و له‌ 8 یاری رابردوو له‌سه‌ریه‌كتری بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ست هێناوه‌و ئاستێكی جێگیری پێشكه‌ش كردووه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی یارییه‌كان له‌دوای هاتنی كۆرۆنا.
له‌ ئێستادا یانه‌ی شاهانه‌ به‌جیاوازی یه‌ك خاڵ له‌ پێش به‌رشلۆنه‌ی ركابه‌ری دێت به‌بردنه‌وه‌ی له‌م یارییه‌ جیاوازییه‌كه‌ بۆ چوار خاڵ به‌رز ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ زێدانی راهێنه‌ر نایه‌وێت هیچ خاڵێك له‌ده‌ست بدات و ده‌یه‌وێت درێژه‌ به‌سه‌ركه‌وتنه‌كان بدات و هه‌نگاوێكی تریش له‌ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ نزیك بكه‌وێته‌وه‌.
بۆ ئه‌م یارییه‌ هه‌ریه‌ك له‌ سێرجیۆ رامۆس و دانی كارفاخال گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ پێكهاته‌ی ڕیال مه‌درید پاش ئه‌وه‌ی له‌یاری رابردوو به‌شدار نه‌بوون، هه‌ریه‌ك له‌ جێمس رۆدریگیز و ناچۆ و مارسیلۆ و ماریانۆ دیاز و لۆكایۆڤیچ به‌هۆكاری جیا جیا به‌شداری له‌ یارییه‌كه‌ ناكه‌ن.
پێناچێت ئه‌ركی ریال مه‌درید له‌م یارییه‌دا ئاسان بێت چونكه‌ غه‌رناته‌ خاوه‌نی 50 خاڵه‌و پله‌ی نۆیه‌می ریزبه‌ندی گرتوه‌و ئه‌م یانه‌یه‌ ڕكابه‌ری ده‌كات بۆ به‌شداری كردن له‌خولی ئه‌وروپا بۆیه‌ نایه‌وێت هیچ خاڵێك له‌ده‌ست بدات به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر یاریگای خۆی یاری ده‌كات ،ئه‌م یارییه‌ وه‌ك یاری كۆتایی وایه‌ بۆ غه‌رناته‌.
غه‌رناته‌ له‌سێ یاری رابردوو توشی دۆڕان نه‌هاتوه‌و له‌دواین یاریش بردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ریال سۆسیداد به‌ده‌ست هێناوه‌.
ئه‌م تیپه‌ له‌م وه‌رزه‌ 14 بردنه‌وه‌و 8 به‌رامبه‌ر و 13 دۆڕانی تۆمار كردووه‌و هێرشبه‌رانی 45 گۆڵیان تۆمار كردووه‌و 42 گۆڵی لێ تۆمار كراوه‌.
دواین بردنه‌وه‌ی غه‌رناته‌ به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید بۆ شوباتی 2013 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاتێك له‌خولی ئیسپانیا به‌ گۆڵێكی بێ به‌رامبه‌ر براوه‌ بوو، ڕیال مه‌دریدیش له‌ 9 یاری رابردوو له‌سه‌ریه‌كتر بردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌م یانه‌یه‌ تۆمار كردووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ نیشان نادات له‌یاری ئه‌مشه‌و ئه‌ركی ئاسان بێت چونكه‌ هه‌ردوو یانه‌ پێویستیان به‌بردنه‌وه‌ هه‌یه‌.