له‌ دووباره‌ كراوه‌ی یاری كۆتایی پاڵه‌وانێتی ڕابردوو فه‌ڕه‌نسا و پورتوگال یاری ده‌كه‌ن

بۆتان عومه‌ر 23/06/2021 - 11:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی وەرزشی جیهانی

له‌سه‌ر یاریگای پۆشكاش ئه‌رینا له‌ مه‌جه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا سێیه‌م یاری خۆی له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی یۆرۆ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی شه‌شه‌م به‌رامبه‌ر به‌ پورتوگال ئه‌نجام ده‌دات.
فه‌ره‌نسا خاوه‌نی چوار خاڵه‌و پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی گرتوه‌، ئه‌م تیپه‌ به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م یارییه‌ سه‌ركه‌وتنی بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگه‌ر كردووه‌ به‌ڵام فه‌ره‌نسا هه‌وڵ ده‌دات پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی به‌ده‌ست بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ قۆناغی داهاتوو ئه‌ركی ئاسان بێت.
له‌دوو یاری رابردوو فه‌ره‌نسا بردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌ڵمانیا له‌ میونخ به‌ده‌ست هێناو له‌سه‌ر هه‌مان یاریگای یاری ئه‌مشه‌و له‌گه‌ڵ مه‌جه‌ر به‌رامبه‌ر بوو، دیدیه‌ دیشامپی راهێنه‌ر هه‌وڵ ده‌دات له‌م یارییه‌دا ئه‌نجامێكی باش تۆمار بكات به‌تایبه‌تی له‌ پاڵه‌وانێتی رابردوو له‌یاری كۆتایی به‌ پورتوگال دۆراو نازناوه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا، ئێستا ئه‌م تیپه‌ هه‌وڵ ده‌دات تۆڵه‌ی خۆی له‌ پورتوگالی خاوه‌ن نازناو بكاته‌وه‌و كارێكیش بكات بۆ دوورخستنه‌وه‌ی پورتوگال له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌.
له‌م یارییه‌دا فه‌ره‌نسا به‌هۆی پێكانه‌وه‌ له‌تواناكانی هێرشبه‌ری به‌رشلۆنه‌ عوسمان دێمبلی بێ به‌ش ده‌بێت ئه‌م یاریزانه‌ له‌یاری رابردوو به‌رامبه‌ر به‌ مه‌جه‌ر توشی پێكان بوو به‌هۆی ئه‌و پێكانه‌شه‌وه‌ له‌ تیپه‌كه‌ دوور كه‌وته‌وه‌.
تا ئێستا هه‌ریه‌ك له‌ مبابێ و كه‌ریم بن زیما و ئه‌نتوان گریزمان نه‌یانتوانیوه‌ ئاستی چاوه‌روان كراو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا پێشكه‌ش بكه‌ن، راهێنه‌ر هیوای وایه‌ له‌م یارییه‌دا ئه‌م ئه‌ستێرانه‌ بتوانن ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش بكه‌ن و تیپه‌كه‌یان پارێزگاری له‌ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی بكات و به‌ پله‌ی یه‌كه‌م بگاته‌ قۆناغی داهاتوو.
هه‌رچی هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگاله‌ خاوه‌نی سێ خاڵه‌و پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی گرتوه‌، ئه‌م تیپه‌ له‌یاری یه‌كه‌م به‌ سێ گۆڵ له‌ مه‌جه‌ری برده‌وه‌و له‌یاری دووه‌میش له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا به‌ دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ چوار گۆڵ توشی دۆران بوو، پورتوگال خاوه‌نی چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی به‌توانایه‌ به‌ڵام له‌ جه‌وله‌ی رابردوو به‌رگری تیپه‌كه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌ڵمانیا له‌ دۆخێكی خراپدابوو، له‌سه‌ر راهێنه‌ر پێویسته‌ ئاستی به‌رگری تیپه‌كه‌ی به‌رز بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یاریزانانی هێڵی ناوه‌راست و هێرشبه‌ر به‌ ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵسن و سه‌ركه‌وتن بۆ تیپه‌كه‌ تۆمار بكه‌ن.
پورتوگال پشت به‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ ده‌به‌ستێت تا ئێستا توانیویه‌تی سێ گۆڵ تۆمار بكات و له‌گه‌ڵ سێ یاریزانی تر به‌ گۆڵكاری جامه‌كه‌ دێت، كریستیانۆ ده‌یه‌وێت درێژه‌ به‌ ئاسته‌ به‌رزه‌كه‌ی بدات به‌هاوكاری یاریزانه‌كانی تری وه‌ك دییگۆ گۆتا و جواو فلیكس و ئه‌ندریه‌ سیلڤا و رۆبین نیفێز سه‌ركه‌وتن بۆ تیپه‌كه‌یان به‌ده‌ست بهێنن.
پورتوگال دوای بردنه‌وه‌ی یۆرۆ ، بووه‌ پاڵه‌وانی یه‌كه‌مین پاڵه‌وانێتی نه‌یشن لیگ به‌ڵام له‌ پاڵه‌وانێتی دووه‌م له‌سه‌ر ده‌ستی فه‌ره‌نسا دوو خرایه‌وه‌، ئێستا پورتوگالیه‌كان ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ جارێكی تر فه‌ره‌نسا ببێته‌ هۆكارێك بۆ بێ به‌ش كردنی تیپه‌كه‌یان له‌ نازناوێكی تر و بردنه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر تۆمار بكات و له‌ یۆرۆ دووریان بخاته‌وه‌.