ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا یاری لووتكه‌ی یۆرۆ ده‌كه‌ن

بۆتان عومه‌ر 15/06/2021 - 20:40 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی وەرزشی جیهانی

ئه‌ڵمانیا یه‌كه‌مین یاری پاڵه‌وانێتی یۆرۆ یارییه‌كی گه‌وره‌و گرنگ له‌سه‌ر یاریگای ئه‌لیانز ئه‌رینا به‌رامبه‌ر به‌ فه‌ره‌نسا له‌ كۆمه‌ڵه‌ی شه‌شه‌م ئه‌نجام ده‌دات.
له‌ جامی جیهانی رابردوو به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو ئه‌ڵمانیا له‌ قۆناغی یه‌كه‌م ماڵئاوایی كرد، له‌ ئێستادا یواكیم لۆفی راهێنه‌ر گۆڕانكاری زۆری كردووه‌ له‌ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ی بۆ ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ كه‌ ماوه‌ی 15 ساڵه‌ راهێنه‌رایه‌تی ئه‌ڵمانیا ده‌كات.
لۆف چه‌ند یاریزانێكی بۆ تیپه‌كه‌ بانگهێشت كرده‌وه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی جاری یه‌كه‌م دووری خستبونه‌وه‌ به‌ڵام دۆخی ڤایرۆسی كۆرۆنا گۆڕانكاری به‌سه‌ر پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌داهێنا.
له‌گه‌ڵ گه‌رانه‌وه‌ی تۆماس مۆله‌ر و ماتس هۆمیلز كه‌ توانیان نازناوی جامی جیهانی 2014 له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا به‌ده‌ست بهێنن دوای دووركه‌وتنه‌وه‌یان بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو ساڵ له‌ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ ، ئه‌ڵمانیا تاقی كردنه‌وه‌ی زه‌حمه‌تی ئه‌نجام نه‌داوه‌ تا ببێته‌ ئاماده‌كارییه‌كی باش بۆ فه‌ره‌نسای دراوسێی .
یه‌كه‌م كاری راهێنه‌ری فه‌ره‌نسا داخستنی هێڵی به‌رگری تیپه‌كه‌یه‌تی له‌به‌رده‌م به‌هێزی هێڵی هێرشبردنی فه‌ره‌نسا كه‌ خاوه‌ن باشترین هێڵی هێرشبردنه‌ له‌ ئێستادا.
پاشان به‌رامبه‌ر به‌ پورتوگالی خاوه‌ن نازناوو له‌ جه‌وله‌ی كۆتایش به‌رامبه‌ر به‌ مه‌جه‌ر یاری ده‌كات، ئه‌ڵمانیا ده‌یه‌وێت خۆی له‌ دۆران له‌ جه‌وله‌ی یه‌كه‌م به‌دوور بگرێت تا كاروانه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ كۆمه‌ڵه‌ی مه‌رگ.
تیمۆ فێرنه‌ری هێرشبه‌ری ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر فه‌ره‌نسا له‌ هێڵی به‌رگری یاریزانی ئاست به‌رزی نه‌با ئه‌وا نه‌ده‌بونه‌ پاڵه‌وانی جیهان".
گوتیشی :" یاریزانه‌كانیان توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌ره‌نگاری هێرشه‌كان ببه‌نه‌وه‌ له‌وانه‌ش نیگۆلۆ كانتی و بنیامین باڤارد ده‌توانن ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش بكه‌ن ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ پاڵێوراوبن بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌.
ئه‌و هێرشبه‌ره‌ ئه‌ڵمانیه‌ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت:" له‌ هێرشبردنیش سێ یاریزانی به‌توانایان هه‌یه‌ مبابێ و گریزمان و كه‌ریم بن زیما، ئه‌م یاریزانانه‌ له‌ ئاستێكی به‌رز یاری ده‌كه‌ن، كاتێك یاریزانی له‌م شێوه‌یه‌ له‌ پێكهاته‌كه‌ت بوونی ده‌بێت به‌ ئاسانی ده‌توانی ئه‌نجامی باش تۆمار بكه‌یت.
بن زیما له‌و پێكانه‌ چاك بۆته‌وه‌ كه‌ توشی هاتبوو، له‌یاری دۆستانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ بلگاریا له‌ سێ شه‌ممه‌ی رابردوو بۆ یارییه‌كه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌ڵمانیا ئاماده‌یه‌.
ئه‌ڵمانیا له‌لایه‌ن 14 هه‌زار هانده‌ره‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێت ، به‌رگری له‌لایه‌ن هۆمیلز سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت و پشتی ئه‌ستوره‌ به‌ ناوه‌راستێكی به‌هێز به‌هۆی بوونی رۆبن گۆسینز و جۆشوا كیمیچ ئه‌مه‌ش واده‌كات ئاسوده‌بن له‌ یارییه‌كه‌.
ماركۆس سۆرگی یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ری ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت:" ده‌بێت بزانین پێویستمان به‌چی هه‌یه‌و ده‌بێت به‌دوای جێ به‌جێ كردنی هێزی خۆمان له‌یاریگا بگه‌ڕێین و پاشان هێزی فه‌ره‌نسا له‌یاریگا ده‌ست نیشان بكه‌ین، ده‌بێت سوود له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی خۆمان ببین تا به‌رامبه‌ر فه‌ره‌نسا به‌كاری بهێنین".
پێشبینی ده‌كرێت ئه‌ڵمانیا به‌یه‌ك هێرشبه‌ر له‌ یارییه‌كه‌ یاری بكات له‌گه‌ڵ بوونی تۆماس مۆله‌ر له‌دواوه‌و بوونی سێرج جه‌نابری و كای هافیرتز له‌ باڵه‌كان و لیۆن گۆرتیسكاش به‌هۆی پێكانه‌وه‌ یاری ناكات.
فه‌ره‌نسا دوو یاری دۆستانه‌ی ئاماده‌كاری بۆ كۆتاییه‌كان ئه‌نجامداوه‌و به‌ سێ گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر له‌ وێڵز و بلگاریای بردۆته‌وه‌و نۆ جار به‌شداری له‌ كۆتاییه‌كان كردووه‌و دووجار له‌ساڵی 1984 و 2000 بۆته‌ پاڵه‌وان.
هه‌رچی ئه‌ڵمانیایه‌ دوو یاری دۆستانه‌ی ئاماده‌كاری بۆكۆتاییه‌كان ئه‌نجامداوه‌ له‌گه‌ڵ دانیمارك به‌ گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان به‌رامبه‌ر بوونه‌و به‌ حه‌فت گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ گۆڵێك له‌ لاتیڤیای بردۆته‌وه‌،ئه‌ڵمانیاش 12 جار به‌شداری له‌كۆتاییه‌كان كردووه‌و سێ جار بۆته‌ پاڵه‌وانه‌كان له‌ساڵه‌كانی 1972 و 1980 1996 ".