له‌ چامپیونس لیگ ریال مه‌درید و ئینته‌رمیلان یاری لووتكه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن

بۆتان عومه‌ر 02/11/2020 - 17:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی وەرزشی جیهانی

لەسەر یاریگای ئەرینا لە جەولەی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە كۆمەڵەی یەكەم یانەی ئەتلەتیكۆمەدریدی ئیسپانی دەبێتە میوانی یانەی لۆكۆمۆتیف مۆسكۆی ڕوسی.
ئەتلەتیكۆمەدرید خاوەنی سێ خاڵەو پلەی دووەمی ریزبەندی گرتوە، ئەم یانەیە بەشێوەیەكی باش ئامادەكاری بۆ ئەم یارییە كردووە بەتایبەتی پاش بردنەوەی لە جەولەی رابردووی خولی ئیسپانیا، ئێستا چاوی لەوەیە لەیاری ئەمجارەش بردنەوە تۆمار بكات بۆ ئەوەی لە گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو كێشەی بۆ دروست نەبێت.
هەرچی یانەی لۆكۆمۆتیف مۆسكۆیە بە خاڵێك پلەی چوارەمی ریزبەندی گرتوە، ئەم تیپە لە جەولەی رابردووی خولی ناوەخۆش توشی دۆران هاتووەو ئەركێكی زەحمەت چاوەڕێی لۆكۆمۆتیف مۆسكۆ دەكات و هەوڵ دەدات سوود لە یاریگا وەربگرێت بۆ ئەوەی چانسی خۆی نوێ بكاتەوە بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو ئەركی ئەتلەتیكۆمەدریدیش زەحمەت بكات.
لەیاری دووەمی هەمان كۆمەڵە یانەی رید بۆل سالسبۆرگی نەمسا میوانداری بایرن میونخی پاڵەوانی رابردوو دەكات، رید بۆل سالسبۆرگ بە خاڵێك پلەی سێیەمی ریزبەندی گرتوە، ئەم یانەیە لە جەولەی رابردوو بە زەحمەت توشی دۆران بوو، هەردەم لەسەر یاریگاكانی خۆشی ئاستێكی بەرزی بەرامبەر بە میوانەكانی پێشكەش كردووەو هەوڵ دەدات لەم جەولەیە سەركەوتنەكانی بایرن میونخ بوەستێنێت.
هەرچی بایرن میونخی پاڵەوانە خاوەنی شەش خاڵەو پلەی یەكەمی ریزبەندی گرتوە، ئەم یانەیە لەكاتێكدا ئەم یارییە ئەنجام دەدات لە جەولەی رابردووی خولی ئەڵمانیا بردنەوەی بەدەست هێناو پێشەنگی بۆندس لیگای وەرگرتەوە، راهێنەر زۆرێك لە یاریزانەكانی بۆ ئەم یارییە پشوو پێدا بوو ، فلیك تیپەكەی بەشێوەیەكی باش ئامادە كردووەو لە گرنگی یانە پاڵەوانەكان باش دەزانێت، بەهۆی توش بوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا نیكۆلاس زۆلە بەشداری لەیارییەكە ناكات.
لە كۆمەڵەی دووەم لەسەر یاریگای دۆنباس ئەرینا یانەی شاختاری ئۆكرانی میوانداری یانەی بروسیامونشن گڵادباخی ئەڵمانی دەكات.
شاختار خاوەنی چوار خاڵەو پلەی یەكەمی ریزبەندی گرتوە، ئەم یانەیە لە جەولەی رابردوو لەیاریگای خۆی لەگەڵ ئەنتەرمیلان بەرامبەر بوو، چاوی لەوەیە لەم یارییەدا بردنەوە تۆمار بكات و پارێزگاری لە پێشەنگی یانەكان بكات .
هەرچی بروسیامونشن گڵادباخە خاوەنی دوو خاڵەو پلەی دووەمی ریزبەندی گرتوە، ئەم یانەیە خاوەن دوو بەرامبەر بوونە، ئەم تیپە چاوی لە یەكەمین سەركەوتنە لە جەولەی رابردووش تا كۆتا خولەك نزیك بوو بردنەوە بەرامبەر ریال مەدرید تۆمار بكات، گڵادباخ بە ورەیەكی بەرز ئەم یارییە ئەنجام دەدات بەتایبەتی پاش ئەوەی توانی لە جەولەی رابردووی خولی ئەڵمانیا لە لایبزیگ بباتەوەو لە پێشەنگی بۆندس لیگا بیهێنێتە خوارەوە.
لەیاری دووەمی ئەم كۆمەڵەیە كە یاری لوتكەیە یانەی ریال مەدریدی خاوەن زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتیەكە لەسەر یاریگای ئەلفرید دی ستیڤانۆ میوانداری یانەی ئەنتەرمیلانی ئیتاڵی دەكات.
ریال مەدرید خاوەنی خاڵێكەو پلەی چوارەمی ریزبەندی گرتوە، ریال زۆر پێویستی بە بردنەوەی ئەم یارییە هەیە بۆ ئەوەی چانسی سەركەوتنی بمێنێت بۆ قۆناغی داهاتوو، ئەم یانەیە لە ئێستادا ئاستی بەرەو بەرز بوونەوە چووە، بەتایبەتی هازارد لە پێكان گەڕاوەتەوەو بەشداری لە یارییەكە دەكات و لە جەولەی رابردووی خولی ئیسپانیا گۆڵێكی تۆمار كرد، پێشبینی گەڕانەوەی مارتین ئۆدیگارد و ئەدریازۆلاش دەكرێت دوای چاك بونەوەیان لە پێكان بەڵام دانی كارفاخال بەهۆی پێكانەوە بەشداری لە یارییەكە ناكات، زێدان چاوی لەسەركەوتنەو جگە لە بردنەوە هیچ ئەنجامێكی تر خزمەت بە تیپەكە ناكات، ئیدێر میلیتاو توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە بەهۆیەوە بەشداری لەیارییەكە ناكات.
هەرچی ئەنتەرمیلانە خاوەنی دوو خاڵەو پلەی سێیەمی ریزبەندی گرتوە، ئەم یانەیە هەوڵ دەدات یەكەمین بردنەوە تۆمار بكات بەتایبەتی خاوەن پێكهاتەیەكی بەهێزەو چەندین یاریزانی بە ئەزموون لە ریزەكانی یاری دەكەن، هەرچەندە ئەنجامەكانی خولی ناوەحۆی ئەنتەرمیلان وەك پێویست نین بەڵام دەیەوێت لە یانە پاڵەوانەكان ئەنجامی دڵخۆشكەر تۆمار بكات.
بەهۆی ئەو پێكانەی لەیاری بەرامبەر شاختار توشی بوو رۆمیلۆ لۆكاكۆ لەیاری بەرامبەر ریال مەدرید بەشداری ناكات ، بەڵام ئەوەی هەواڵی دڵخۆشە بۆ ئەنتەرمیلان چاك بوونەوەی ئەلێكسیس سانشێزی چیللیە لە پێكان و پێشبینی دەكرێت لەیارییەكە بەشداری بكات.